هێزی پێشمەرگە چووە ناو گوندی لهێبان
هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهاوبەشی سەر و ماڵی دانیشتووانی گوندەکە دەپارێزێت
K24 – هەولێر
کەمێک پێش ئێستا هێزێکی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خەڵکی گوندەکە، گەیشتە گوندی لهێبانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان هێزی پێشمەرگە چووە ناو گوندی لهێبان".
هاوکات لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا فەجی 4 لە لیوای 5ی سوپای عێراق و فەوجی 2ی لیوای 18ی هێزی پێشمەرگە، گەیشتنە ناو گوندی لهێبان، هەردوو فەوجەکە بە هاوبەشی لەو گوندە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، کە ئامانجیان پاراستنی گوندەکەیە".
گوتیشی: "هەر ئەو گوندە نا، بەڵکو پێویستە هێزەکان لە هەموو گوندە کوردنشینەکان نیشتەجێ بکرێت، کە مەترسی داعشیان لەسەرە، وەک هێزە هاوبەشەکان جەختمان لەوە کردووەتەوە ناکرێت ئەو هێرش بکرێتە سەر گوندە کوردنشینەکان و تەعریب بکرێن، هیچ هێزێکی فەرمی نەبێ بیان پارێزێت".
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، راشیگەیاند: "لەبەر ئەوەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش دواکەوتووە، بڕیاردراوە ئەو هێزانە بە هاوبەشی و هەماهەنگی ئەو گوندانە بپارێزن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بۆ پاراستنی سەر و ماڵی دانیشتووانی گوندی لهێبان، هێزێکی پێشمەرگە لە گوندەکە جێگیر دەکرێت.