هێزی پێشمەرگە چووە ناو گوندی لهێبان

هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهاوبەشی سەر و ماڵی دانیشتووانی گوندەکە دەپارێزێت

کاتی گەیشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ گوندی لهێبان
کاتی گەیشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ گوندی لهێبان

K24 – هەولێر

کەمێک پێش ئێستا هێزێکی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خەڵکی گوندەکە، گەیشتە گوندی لهێبانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان هێزی پێشمەرگە چووە ناو گوندی لهێبان".

هاوکات لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا فەجی 4 لە لیوای 5ی سوپای عێراق و فەوجی 2ی لیوای 18ی هێزی پێشمەرگە، گەیشتنە ناو گوندی لهێبان، هەردوو فەوجەکە بە هاوبەشی لەو گوندە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، کە ئامانجیان پاراستنی گوندەکەیە".

گوتیشی: "هەر ئەو گوندە  نا، بەڵکو پێویستە هێزەکان لە هەموو گوندە کوردنشینەکان نیشتەجێ بکرێت، کە مەترسی داعشیان لەسەرە، وەک هێزە هاوبەشەکان جەختمان لەوە کردووەتەوە ناکرێت ئەو هێرش بکرێتە سەر گوندە کوردنشینەکان و تەعریب بکرێن، هیچ هێزێکی فەرمی نەبێ بیان پارێزێت".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، راشیگەیاند: "لەبەر ئەوەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش دواکەوتووە، بڕیاردراوە ئەو هێزانە بە هاوبەشی و هەماهەنگی ئەو گوندانە بپارێزن".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بۆ پاراستنی سەر و ماڵی دانیشتووانی گوندی لهێبان، هێزێکی پێشمەرگە لە گوندەکە جێگیر دەکرێت.

هێزێکی پێشمەرگە گەیشتە ناو گوندی لهێبان
هێزێکی پێشمەرگە گەیشتە ناو گوندی لهێبان
هێزێکی پێشمەرگە گەیشتە ناو گوندی لهێبان
هێزێکی پێشمەرگە گەیشتە ناو گوندی لهێبان
هێزێکی پێشمەرگە گەیشتە ناو گوندی لهێبان
هێزێکی پێشمەرگە گەیشتە ناو گوندی لهێبان