سه‌رۆك بارزانی: هێزی پێشمه‌رگه‌ تاكتیكی خۆی بگۆڕێت له‌ به‌رگرییه‌وه‌ بۆ ھێرشبردن

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

سه‌رۆك بارزانی
سه‌رۆك بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی، په‌یامێكی له‌ باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ له‌ قه‌ره‌سالم بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویستە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەکاری زیاتر بکات و تەکتیکی جەنگی بگۆڕێت و لە دۆخی بەرگریکردنەوە بکرێتە ھێرشبردن بۆ سزادان و لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

بەداخێکی زۆرەوە شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆرستانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە قەرەسالم لە سنوری ناوچەی پردێ ، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و برینداربوون، پرسە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادەو کەسوکاری شەھیدانی ئەو پەلامارە تیرۆرستیە دەکەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواکارم رۆحی شەھیدەکان بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبرو ئارامی بە کەسوکاریان بدات، ھیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.

جەختیش لەوە دەکەمەوە کە پێویستە تۆڵەی خوێنی شەھیدەکانمان لە تیرۆرستان بکرێتەوە. بەھۆی زۆربوونی جموجوڵ و پەلامارەکانی تیرۆریستان لەم دواییانە پێویستە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەکاری زیاتر بکات و تەکتیکی جەنگی بگۆڕێت و لە دۆخی بەرگریکردنەوە بکرێتە ھێرشبردن بۆ سزادان و لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش .

ھەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی شەڕی داعش و ھەموو شەھیدانی رێگەی ئازادی کوردستان

مسعود بارزانی

٦ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١