ئیمارات هەینی لادەبات
حکومەتی ئیمارات بڕیاریدا
K24 - هەولێر
لە ساڵی داهاتووەوە حکومەتی ئیمارات رۆژانی شەممە و یەک شەممە دەکاتە پشووی کۆتایی هەفتە.
نووسینگەی سەرەکی میدیای ئیمارات رایگەیاند، لە ساڵی داهاتووەوە رۆژە پشووەکانی کۆتایی هەفتەی لە (هەینی و شەممە)ـەوە دەگوازرێتەوە بۆ (شەممە و یەک شەممە).
لابردنی هەینی لە دوو رۆژی سەرەکی پشووی کۆتایی هەفتە گۆڕانکاریەکی گەورەیە لە وڵاتەکەدا، چونکە رۆژی هەینی بە رۆژێکی پیرۆز دادەنرێت لەلایەن پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام لە وڵاتانی کەنداو.
بەپێی تویتێکی نووسینگەی سەرەکی میدیای ئیمارات، بڕیارەکە لە سەرەتای ساڵی تازەوە جێبەجێ دەکرێت و کاتی دەوامی فەرمیش لە رۆژانی هەینیدا لە کاتژمێر 7:30 بەیانی بۆ 12:00ـی نیوەڕۆ دەبێت و بەمجۆرەش هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە هەفتانە 2 رۆژ و نیو پشوویان دەبێت.