نێچیرڤان بارزانی: دەسەڵاتی دادوە‌ری نابێ لەژێر هەژموونی سیاسەتدا بێت
"دە‌بێ دەسەڵاتی دادوە‌ری خۆی بەرگری لە خۆی بكات، دەسەڵاتەكانی دیكە و هەموو لایەنەكانیش دە‌بێ رێز لە سەربەخۆیی دادوە‌ری و سەروەیی یاسا بگرن"
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/12/8 وتارێكی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی دادوە‌ر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە و سەرۆكی ئە‌نجومە‌نی دادوەریی هەرێمی كوردستاندا پێشكەش كرد و رایگه‌یاند، دەسەڵاتی دادوە‌ری نابێ لەژێر هەژموونی سیاسەتدا بێت.
لە وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستەسه‌ر دۆخی دەسەڵاتی دادوە‌ری و كێشە و تەحەدییەكانی بەردەمی، جەختیشی لە گرنگیی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوە‌ری و سەروەریی یاسا كردەوە و بە بنەمای دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی و كۆمەڵگەی پێشكەوتووی لە قەڵەم دا.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، كە دە‌بێ دەسەڵاتی دادوە‌ری بە تەواوی لە كاریگەری و هەژموونی سیاسی دوور بێت و خۆی بەرگری لە خۆی بكات، دەسەڵاتەكانی دیكە و هەموو لایەنەكانیش دە‌بێ رێز لە سەربەخۆیی دادوە‌ری و سەروەیی یاسا بگرن و یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت تا هاووڵاتی متمانەی بە دادوە‌ری و یاسا هەبێت.
دەقی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی:
رۆژتان باش.. بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی ئە‌نجومە‌نی دادوەریی هەرێمی کوردستان، دادوەران و ئاماده‌بووانى بەڕێز.. رۆژتان باش، بە خێر بێن. سەرەتا دەمەوێ پیرۆزبایی لە بەڕێز دادوە‌ر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، بۆ سوێندخواردنی وەک سەرۆکی دادگاى پێداچوونه‌وه و سه‌رۆكى ئە‌نجومە‌نی دادوەریی هەرێمی کوردستان بکەم، هیوای سەرکەوتن بۆ به‌ڕێزيان و بۆ هه‌موولایەكتان دەخوازم، سەركەوتوو بن.
بەڕێزان.. بنەمای سه‌ره‌كيى هەر وڵات و سیستەمێکی دیموکراسی و كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتوو كه تيايدا هاووڵاتى متمانه‌ى به ئێستا و داهاتووى خۆى هه‌بێت و لێيان دڵنيا بێت، بریتیيە لە جیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتى یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوە‌ری. هەریەك لەوانە پێگەی سەربەخۆ و بەرپرسیاريه‌تيی جیای خۆیان هەیە.
ئامانجمان ئەوەیە ئەم دەسەڵاتانە له هه‌رێمى كوردستان بە شێوەیه‌ک جیا بکرێنەوە و پەیوەندییان بە جۆرێک رێکبخرێت، کە هیچ کامیان هەژموون نەکاتە سەر ئەوەی دیکەيان و دەستنەخاتە كاروباری ناوخۆی یەكتر. ئەمە بۆ ئێمە گرنگترین هەنگاوی بەدامەزراوەييکردنی ئەزموونی حوكمڕانيى هەرێمی کوردستان و بنياتنانى ديموكراسى و كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى مه‌ده‌نى و پێشكه‌وتووە. سە‌ربە‌خۆیيی دەسەڵاتی دادوەرییش دوو ڕەهەندی هەیە:
یەکەم، سە‌ربە‌خۆیيی دادوەران.
دووەم، سە‌ربە‌خۆیيی دامەزراوەی دادوە‌ری.
سە‌ربە‌خۆیيی دادوەران: واتە دادوه‌ر بێلایەن و ئازاد بێت لە کاتی بڕیارداندا، بۆ ئەمەش دە‌بێ سه‌ربه‌خۆيى و ئاسایشی دارایى هەبێت. پارێزراو بێت لە هەر سەرچاوەیەکی کارتێکردنی نەشیاو. دوور بێت لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک، هەڕەشەیەک، بێزارکردنێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆى چ حکوومەت بێت، یان كەسایەتیی سیاسی بن، یان دەسەڵاتداران بن، خزم و کەس بن، یان لایەنی بەرژەوەندیدار بێت.
سەربەخۆیی دامەزراوەی دادوە‌ری: بەو مانایەی ئە‌نجومە‌نی دادوە‌ری وەک دامەزراوە سەربەخۆ بێت و لەژێر هەژموونی هیچ یەك لە دامەزراوەکانی حکومەت یان پەرلەماندا نە‌بێت. به هيچ شێوه‌يه‌ك له‌ژێر كاريگه‌ريى ده‌سه‌ڵاتى سياسيدا نه‌بێت و نه‌بێته ئامرازى ده‌ستى سياسه‌ت. پە‌یوە‌نديی دامەزراوەیی لە‌گە‌ڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاساداناندا هه‌بێت.
ئه‌ركى ئە‌نجومە‌نی دادوەرييه كه دادوەران لە سەرچاوە نەشیاوەکانی کارتێکردن بپارێزێت. ئەوە ئەو كاتە دە‌بێت كه دڵنیایی بدات لەوەی بڕیاری دادوەران بێلايه‌ن و دروستە و ته‌نيا لەسەر بنەمای یاسايه ئەو بڕیارانەی كە دەدرێن. بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتی لەکاتی دادگایيکردنیدا دڵنیا بێت له‌وه‌ى دادپەروەرانە مامەڵە و دادوه‌رى لەگەڵدا دەكرێت. بە چاکی گوێى لێگیراوە و داواکانی بیستراون. هاووڵاتی ده‌بێ متمانەی هەبێت به‌وه‌ى دادوە‌ر لە هەموو فشارێکی دەرەکی بە دووره و تەنها بە ویژدان و پابه‌نديى خۆى بە یاساوە، پەیوەسته. هاووڵاتى كاتێك پابه‌ندى دادوه‌رى و ياسا ده‌بێت، كه دڵنيا بێت، ئازاد و سه‌ربه‌خۆن.
به‌ڵام به‌ڕێزان..
ـ ئايا واقعى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له هه‌رێمى كوردستان ئاوايه؟
ـ ئايا سه‌ربه‌خۆيه و له‌ژێر هه‌ژموونى ده‌سه‌ڵات و سياسه‌ت و هيچ كاريگه‌رييه‌كدا نييه؟
ـ ئايا هاووڵاتى به ته‌واوى بڕوا و متمانه‌ى به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى هه‌يه؟
ـ ئايا ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و دادوه‌رانى به‌ڕێز وه‌ك پێويست ده‌سه‌ڵاتى ياساييى خۆيان به‌كارهێناوه بۆ پاراستنى سه‌ربه‌خۆيى خۆيان كه به ياسا ئەم سەربەخۆییە پارێزراوه؟
بێگومان، وه‌ڵامى ئه‌م پرسيارانه قسه‌ى زۆر و بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ى جيا هه‌ڵده‌گرن. به دڵنيايييه‌وه وه‌ك هه‌موو كايه و بواره‌كانى ديكه، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريش زۆر جار كراوه و ده‌كرێته بابه‌تى ناكۆكى و پرۆپاگه‌نده و شه‌ڕى سياسى و ميديايى لە هەرێمی كوردستاندا. هه‌وڵ ده‌درێت تانه له پاكى و سه‌ربه‌خۆيى و پيشه‌ييبوونى بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌ى هاووڵاتى به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگا لاواز بكرێت.
به‌ڵام وه‌ڵامى ئه‌مه، دادوه‌رييه‌كى دروست و ياساپارێزى و سه‌ربه‌خۆيى دادگايه. هه‌رچى سه‌رنج و تێبينييه‌كيش هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى يه‌كێك له بنه‌ما پته‌و و سه‌ره‌كييه‌كانى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستانه. ئاماده‌يى و رۆڵ و پێگه‌يه‌كى گه‌وره‌ى هه‌يه و خزمه‌تێكى زۆر ده‌كات. رۆڵى گه‌وره‌ى له دامه‌زراندنى بنياتى ياسايى هه‌رێمى كوردستاندا گێڕاوه و دەگێڕێت.
كه‌چى به‌ڕێزان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وه‌ك هه‌موو بوارەكانی دیكە، ناڵێين ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له هه‌رێمى كوردستان ته‌واوه و هيچ كێشه‌يه‌كى نييه! هه‌ندێ راستى هه‌يه ده‌بێ زۆر به جورئه‌ته‌وه دانى پێدا بنێين. ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كێشه و ته‌حه‌داى جددى له‌به‌رده‌مدايه و ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێن! كه‌م و زۆر هه‌وڵى ده‌ستێوه‌ردان و هه‌ژموون و كاريگه‌ريى سياسى به‌سه‌ر هه‌ندێ لايه‌نى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريدا هه‌يه و ده‌بێ رێی لێ بگیرێت!
پرسيار ئه‌وه‌يه، چۆن رووبه‌ڕووى ته‌حه‌دييه‌كان ببينه‌وه؟ چۆن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين و هه‌موو جۆره ده‌ستێوه‌ردان و هه‌ژموون و كاريگه‌رييه‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى رابگرين؟
به بڕواى من به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، خۆى داكۆكى له ده‌سه‌ڵاتى خۆى بكات، كه به ياسا پارێزراوه! ده‌بێ خۆى ئيراده‌ى جدديى رووبه‌ڕووبوونه‌ى ته‌حه‌دييه‌كانى هه‌بێت. پارێزه‌رى ده‌سه‌ڵاتى خۆى بێت و بێ ترس و به جورئه‌ته‌وه، به‌رگرى لە دەسەڵاتەكانی خۆی بكات كە یاسا پێیداوە. رێگه نه‌دات و بە هیچ شێوەیەكیش قبووڵى نه‌كات هيچ ده‌سه‌ڵات و هيچ كه‌سێك و هیچ هێزێك و هیچ لايه‌نێك، به هه‌ر به‌هانه‌يه‌كه‌وه بێت، ده‌ست بخاته ناو كاروباریانەوە! نه‌چێته ژێر بارى هيچ هه‌ڕه‌شه و پاڵه‌په‌ستۆ و كاريگه‌رى و داواكارييه‌كى ناياسايييه‌وه، جا له هه‌ر پێگه‌یەك و لە هەر شوێنێك و له هه‌ر كێوه بێت!
بێگومان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن و ياسادانان و هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكى ديكه‌ى سياسى، حزبى، سه‌ربازى، كارگێڕى و ته‌نانه‌ت داراييش، رێز له ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى بگرن و به هيچ شێوه‌يه‌ك ده‌ستێوه‌ردان له دادوه‌ريدا نه‌كه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، به‌رپرسياريه‌تييه‌كى مه‌زنى له‌سه‌ر شانه. ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و دادوه‌رانى به‌ڕێز، ده‌بێ له ئاستى ئه‌و به‌پرسياريه‌تييه‌دا بن. بچنه ژێر بارى ئه‌و ئه‌ركه قورسه و ويژدانيان به‌رامبه‌ر خۆيان و بەرامبەر بە خواى خۆيان و بەرامبەر بە خه‌ڵكی كوردستان، ئاسووده بكه‌ن.
دادوه‌ر ئه‌گه‌ر خۆى ئاماده نه‌بێت پارێزگارى و به‌رگرى له سه‌ربه‌خۆيى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ژموون و كاريگه‌رى و پاڵه‌په‌ستۆ و هه‌ڕه‌شه‌ر ره‌تنه‌كاته‌وه و بێباكانه به‌رامبه‌ريان نه‌وه‌ستێت، له‌به‌رده‌م خوا و لەبەردەم خه‌ڵكدا به‌رپرسيار ده‌بێت.
دادوه‌رى، به‌ردى بناغه‌ى متمانه و بڕوا و دڵنياييى هاووڵاتييانە. دادوه‌رييه‌كى پته‌و و تۆكمه، پارێزه‌رى يه‌كه‌مى كۆمه‌ڵگه و سه‌لامه‌تيى سيستمى سياسى و حوكمڕانى و كارگێڕى و ئابوورییە لە هەر وڵاتێك لە جیهاندا. پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان پێشکەوتنی ئابووری و پاراستنی سامان لە‌گە‌ڵ سەرەوەريی یاسادا لە وڵاتان هه‌يه.
نەبوونی سەروەریی یاسا، وەبەرهێنان سست دەکات، ئەمەش ئابووری لاوازی دەكات. به‌ڵام هەبوونی سەروەريی یاسا هانی وەربەرهێنان دەدات کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی ئابووری لە هەر وڵاتێك هەیە. ئەمە بەتایبەتى بۆ وڵاتانى وه‌ك هەرێمی کوردستان راسته، كه بەرەوە پێشکەوتنی ئابووری و دیموکراسی لە گوزەردایە. بۆیە لە هه‌رێمى كوردستان سەروەريی یاسا دووجار پێویستیيە، جارێک بۆ ئەوەی هاوکارمان بێت لە پێشکەوتنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان، جارێکیشیان بۆ ئەوەی هاوکارمان بێت لە چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتوو.
به‌ڕێزان، ئامانجى ئێمه ئەوەیە سیستەمێکی دیموکراسی بنیات بنێین کە لە‌گە‌ڵ هاووڵاتیاندا بە نەرمونیانی مامەڵە بکات، بەڵام سیستەمێکی دیموکراسی تەنها کاتێک دەتوانێ بێتە ئاراوە کە یاسا سەروەر بکات. سەروەريی یاساش تەنها کاتێک دەستەبەر دە‌بێت کە سێ دەسەڵاتەکەى ياسادانان، جێبه‌جێكردن و دادوه‌رى لە یەكتر بە تەواوەتی جیا بكرێنەوە. واته بەبێ ناساندن و سەربەخۆيى و بەهێزبوونی دەسەڵاتی دادوە‌ری، مەحاڵە سیستەمێکی دیموکراسی لە هیچ وڵاتێك دروست ببێت!
کولتووریش وەک بناغە‌ی سەروەريی یاسا وایە. ئەوەی پەیوەستە بە کولتوورەوە، پەرەوەردەیە کە ڕۆڵێکی زۆری هەیە لە برەودان بە سەروەريی یاسا. لە ڕێی پەروەردە و فێرکردنەوە، دەتوانرێ کارێک بکرێت کە کو‌لتوور ببێتە پاڵپشتێکی بەهێز و یەکێک لە پێکهێنەرەکانی سەروەريی یاسا بێت.
بە ڕای من ئەمەش بە دوو ڕێگە دە‌بێ:
یەک: هاندانی هاووڵاتیان بە شێوەیەک کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەها و ڕێز بۆ بنەماکانی سەروەريی یاسا دابنێن.
دوو: هاووڵاتیان هۆشیار بکرێن بە دەرنجامە باشەکانی سەروەريی یاسا و ڕابهێنرێن لەسەر پابەندیيان بە یاساکانەوە.
چاوەڕوانيی ئێوە لە هاووڵاتیان ئەوەیە کە پابه‌ندى یاسا بن، جا ئەگەر پێیان خۆش بێت، یان پێیان ناخۆش بێت! هەمیشە ئەوەتان بەبیر بێت هاووڵاتی تەنها کاتێک دەتوانێ ڕێز لە یاسا بگرێت کە ببینێت یاسا لە سەروو سیاسەتەوەیە و توانای ئه‌وه‌ى هەیە سنوور بۆ دەسەڵات دابنێت. تەنها ئەوکات یاسا ئەو متمانەیە لای هاووڵاتی دروست دەکات کە دەتوانێ بیپارێزێت. بۆیە، چاوەڕوانيی هاوڵاتیان لە ئێوە ئەوەیە كە یاسا بۆ هەمووان و بۆ هەموولایەك وەک یەک جێبەجێ بکەن.
هیوادارم لە ئاست چاوەڕوانيی ئەو سوێندە بن. هیوادارم لە ئاست چاوەڕوانیی ئەوەدا بن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیان، دەسەڵاتی دادوە‌ری دە‌بێ سەربەخۆ بێت لە هەڵسەنگاندنی بەڵگە و لە کارپێکردنی یاسا و لە بڕیاردان لەسه‌ر دەرەنجامی دۆسیاکان، بێ ئەوی گوێ بەوە بدرێت ئاخۆ کێ دڵخۆش و کێ دڵخۆش نابێت!
پێویستە ئەرکی بەسەروەرکردنی یاسا بەجێ بگەیەنێت و دادپەروەرانە و بێلایەنانە بڕیار لەسه‌ر دۆسیاکان بدات. تەنها ئەو کاتەیە كە هاووڵاتیان دەتوانن متمانە بە پاکيی پرۆسەکە و بە دروستيی دەرەنجامەکەی بكه‌ن. کەواتە، چاوەڕوانيی ئێمە و هەموو گەلی کوردستان لە دادوەران چییە؟ چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە سەربەخۆ بن.
به‌ڕێزان.. ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌بێ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى دادگا و دادوه‌ر جێگه‌ی متمانە و بڕواى زياترى ھاووڵاتی بن. ئه‌گە‌ر متمانە بە دادگا نە‌بێت، تاوان زۆر دە‌بێت، پە‌نا بۆ تۆڵە‌سە‌ندنە‌وە دەبرێت، ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى بە تەواوی دە‌كە‌وێتە مە‌ترسیيە‌وە. دادگا و دادوە‌ر ده‌بێ لە كێشە سیاسیيە‌كان دوور بن و لايه‌نگيرى نه‌كه‌ن.
نابێ كه‌س لە سەرووی یاساوە بێت، هەمووان ده‌بێ بەرامبەر بە یاسا يه‌كسان بن. دادوە‌ر ده‌بێ کار و ئەرکەکانی بەوپەڕی دڵسۆزی و بێلایەنی و دەستپاکييه‌وه ئەنجام بدات. پێویستە گرنگيی زۆر بدرێتە ئه‌و دادگايانه‌ى ڕۆژانە و بە‌ردە‌وام، په‌يوه‌ندى و سه‌روكاريان لە‌گە‌ڵ ھاووڵاتياندا ھە‌یە، چونكە بناغە‌ی حوكمدان لە وێوە دادە‌نرێت.
ده‌بێ له دادوه‌ريدا بنە‌ماكانی مافی مرۆڤ و پێوە‌رە نێودە‌وڵە‌تیيە‌كان پێویستە پیادە بكرێن و ھە‌موو كە‌سێك ئازادانه مافی بە‌رگريكردن له خۆی ھە‌بێت. ده‌بێ گرنگی بە پێگە‌یاندنی دادوە‌ری خاوە‌ن شارە‌زایی و بە‌توانا بدرێت. دە‌رفە‌ت بۆ ئافرە‌تانی دادوە‌ر زیاتر بكرێت كە خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا بەشێك لەوان داوەت كراون و تەشریفیان هێناوە، بەخێرهاتنێكی تایبەتییان دەكەم. هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوريدا. ئه‌وه دەبێتە هەنگاوی یەکەم و پێویست بۆ چاکسازی لە بوارەکانی ديكه‌شدا.
دادوه‌ران لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکاندا هەست بە کەموکوڕی یاساکان دەکەن، بۆیە پێویستە لە پێداچوونەوەی سیاسەتی سزایی لە هەرێمی کوردستان و لە پرۆسەی چاکسازيی دادپەروەریدا، بەشدار بن. بە هەموو توانايه‌ك پشتگیری لە سەربەخۆيی و پـاراستنی بێلایەنيی دادوە‌ری ده‌كه‌م لەپێناو دادپەروەری و سەروەريی یاسا بۆ وڵاتەكەمان. دامە‌زراوە‌كانی حكوومە‌ت و سە‌رجە‌م لایە‌نە‌كانيش دە‌بێ ھاوكار و پشتيوان بن بۆ سە‌ربە‌خۆیيی دادگاكان، پشتيوان بن بۆ جێبە‌جێكردنی بڕیارە‌كانی دادگا.
ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ هاريكارى و پە‌یوە‌نديی بە‌ھێزى لە‌گە‌ڵ ئە‌نجومە‌نی دادوە‌ريی فیدراڵی و دادگای فيدراڵيى عيراقيدا هه‌بێت. سوود له دوايين پێشكه‌وتنه‌كانى ته‌كنه‌لۆژيا له بوارى دادوه‌ريدا وه‌ربگرن. گرنگى به په‌يمانگه و سه‌رپه‌رشتياريى دادوه‌رى بده‌ن. ئەمانە هەمووی وادەكات كە ئێمە لەم قۆناغەدا بەرەو قوناغێكی دیكە و بەهێزتر هەنگاو بنێین بۆ هەرێمی كورستان.
له كۆتاييدا دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه، دادوه‌رى، يه‌كێك له بنه‌ما هه‌ره گرنگه‌كانمانه. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى پته‌و بێت، وڵات پارێزراوه، كۆمه‌ڵگه و تاك، بڕوا و متمانه و ئينتيماش بۆ وڵات دەپارێزێت و بە‌ردە‌وام دە‌بێت. ده‌رفه‌ت و ده‌رگاكانى پێشكه‌وتن كراوه‌ن و هاووڵاتى به ئومێده‌وه له داهاتوو ده‌ڕوانێت.
هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موولایەكتان ده‌خوازم.
زۆر بەخێر بێن.
زۆر سوپاس.