دوو راهێنەر كاندیدن بۆ ئەوەی لە یانەی هەولێر شوێنی تاریق جەرایا بگرنەوە
یانەی هەولێر بەفەرمی تاریق جەرایای لە راهێنەرایەتی یانەکەی دوورخستەوە و دوو راهێنەر كاندیدن بۆ ئەوەی شوێنی ئەو راهێنەرە توونسییە بگرنەوە.
یانەی هەولێر دوێنێ یەکشەممە 13ـی دیسێمبەری 2021 لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی بڕیاری دوورخستنەوەی تاریق جەرایای داوە، گەرچی تا ئێستا بەفەرمی یانەکە هیچ بەیاننامەیەکی لەبارەی دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی نەداوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو بڕیارەکە رابگەیەنرێت.
تاریق جەرایا لەم وەرزە دووەم راهێنەر بوو لەدوای تەها قادر ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بگرێتە ئەستۆ، کە راهێنەرە توونسییەکە 10 یاریی لەگەڵ هەولێر لە خول و جام ئەنجام دا، لە خولی نایابی عێراق لە کۆی 8 یاری تەنیا بردنەوەیەکی بەدەستهێنا و تەنیا 4 گۆڵی کرد، یانەکەی قەڵاومنارە لە پلەی حەڤدەمی ریزبەندی دێت و تەنیا 8 خاڵی کۆکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 هەریەکە لە ئەحمەد سەڵاح و قوسەی مونیر نزیکترین كاندیدن بۆ ئەوەی لە شوێنی تاریق جەرایا ببنە راهێنەری یانەی هەولێر، ئەحمەد سەڵاح سەڵاح پێشتر راهێنەرایەتی یانەی زاخۆی کردووە و ئێستا یاریدەدەری راهێنەری شورتەیە، قوسەی مونیریش پێشتر راهێنەرایەتی قاسمی کردووە و ئەم وەرزەش بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە راهێنەرایەتی یانەی مینا دوورخرایەوە.
قوسەی مونیر و ئەحمەد سەڵاح پێشتر لە ریزی یانەی هەولێر یارییان کردووە و نازناوی خولی نایابی عێراقیان بەدەستهێناوە.