لەبەر بارسێلۆنا و هالاند ئەمڕۆ تیروپشکی یۆرۆپالیگ ئەوەندەی چامپیۆنزلیگ گرنگ دەبێت
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە تیروپشکی قۆناخەکانی داهاتووی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ دەکرێت، جیاواز لە ساڵانی رابردوو تیروپشکی یۆرۆپالیگیش ئەوەندەی چامپیۆنزلیگ بە گڕوتین و گرنگ دەبێت.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 02:00 لە شاری نیۆن لە سویسرا تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت، کە ناوەڕاستی مانگی فێبرایەر یارییەکانی دەکرێن و ئەم وەرزە بۆیەکەمجار چامپیۆنزلیگ دەستبەرداری یەکێک لە یاسا و نەریتە دیارەکانی دەهێنێت، لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکان گۆڵکردن لە دەرەوەی یاریگای خۆت و لەناو یاریگای خۆت هەروەکو یەک هەژمار دەکرێت.
یانەکانی (مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول، ئەیاکس ئامستەردام، ریال مەدرید، بایرن میونشن، مانچێستەر یونایتد، لیل، یۆڤێنتۆس) بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکانیان گەیشتنە قۆناخی 16، یانەکانی (پاریس سانجێرمان، ئاتلێتیکۆ مەدرید، سپۆرتینگ لیسبۆن، ئینتەر میلان، بێنفیکا، رێدبول ساڵزبۆرگ، چێڵسی، ڤیاڕیال) بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکانیان سەرکەوتن.
یارییەکانی چوونی قۆناخی 16 رۆژانی 15-16-22-23ـی فێبرایەری 2022 بەڕێوەدەچن، یارییەکانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 8-9-15-16ـی مارسی 2022 ئەنجام دەدرێن.
کاتژمێرێک دوای تیروپشکی چامپیۆنزلیگ (کاتژمێر 03:00) هەر لە شاری نیۆن لە سویسرا تیروپشکی قۆناخی 32ـی یۆرۆپالیگیش رادەکێشرێت، کە ئەم وەرزە گۆڕانکاریی گەورە لە شێوازی بەڕێوەچوونی قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی یۆرۆپالیگیش دەکرێت. بەهۆی ئەوەی بارسێلۆنا و بۆرووسیا دۆرتمۆند دابەزیونەتەوە خولەکە، ئەمڕۆ تیروپشکی یۆرۆپالیگیش پڕبینەر دەبێت.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی یۆرۆپالیگ، یانەکانی (بارسێلۆنا، ئاتاڵانتا، سێڤییا، بۆرووسیا دۆرتمۆند، پۆرتۆ، شێریف، زێنیت، لایپزیگ) کە لە چامپیۆنزلیگ پلەی سێێەمی کۆمەڵەکانیان بەدەستهێناوە، لەگەڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکانی یۆرۆپالیگ یاریی دەکەن کە بریتین لە یانەکانی (گلاسکۆ رێنجەرز، ریال سۆسیداد، ناپۆلی، ئۆڵمپیاکۆس، لازیۆ، سپۆرتینگ براگا، ریال بیتیس، دینامۆ زەگرب)، دوای ئەوەی هەشت یانەکەی چامپیۆنزلیگ و هەشت یانەکەی یۆرۆپالیگ بەیەک گەیشتن، ئینجا براوەکانیان لە قۆناخی 16ـی یۆرۆپالیگ رووبەڕووی پلەی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆپالیگ دەبنەوە.
یارییەکانی قۆناخی پاشکۆی یۆرۆپالیگ رۆژی 17ـی فێبرایەری 2022 دەکرێن و یارییەکانی گەڕانەوە رۆژی 24ـی هەمان مانگ دەکرێن.