مۆزەخانەی مووسڵ نۆژەن ده‌كرێته‌وه‌

داعش مۆزەخانەکەی وێران کردووە

نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی مووسڵ - فۆتۆ: AFP
نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی مووسڵ - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

کاتێک داعش دەستی بەسەر مووسڵدا گرت، مۆزەخانەی شارەکەی وێرانکرد، زۆربەی پارچە شوێنەوارییە مێژووییەکانی شکاند و بەشێکیشیان دزی، ئێستا تیمێکی شوێنەوارناسانی مۆزەخانەی لۆڤەر لە فەرەنسا، هاتوونەتە عێراق و کار بۆ نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەکە و لکاندنەوەی پارچەی شکاوی پەیکەرەکان دەکەن.

تیمێکی شوێنەوارناسانی مۆزەخانەی لۆڤەر لە فەرەنسا، خەریکی کاری نۆژەنکردنەوە و لکاندنەوەی پارچەی شکاوی پەیکەرەکانی مۆزەخانەی مووسڵن، فەرمانبەرانی مۆزەخانەکەش، لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمجۆرە کێشانە رادێنن.

تیمێکی فەرەنسی مۆزەخانەی مووسڵ نۆژەن دەکەنەوە - فۆتۆ: AFP
تیمێکی فەرەنسی مۆزەخانەی مووسڵ نۆژەن دەکەنەوە - فۆتۆ: AFP

دانیال ئیبلد، شارەزایی شوێنەوارناسی لە مۆزەخانەی لۆڤەر- فەرەنسا، رایگەیاند: "ئەرکی سەرەکیمان پێدانی زانیارییە بۆ فەرمانبەرانی مۆزەخانەی مووسڵ، بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان، فێریان دەکەین، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمجۆرە کێشانەدا بکەن".

لە ساڵی 2014 داعش مۆزەخانەی مووسڵی وێران کرد، بۆیە ئێستا پێویستە بە وردی پارچەکان کۆبکرێنەوە و بەشێوەیەکی زانستی، بە یەکترەوە بلکێنرێنەوە، بۆ ئەوەی پەیکەری پێشوو بەدەست بێتەوە.

تیمێکی فەرەنسی مۆزەخانەی مووسڵ نۆژەن دەکەنەوە - فۆتۆ: AFP
تیمێکی فەرەنسی مۆزەخانەی مووسڵ نۆژەن دەکەنەوە - فۆتۆ: AFP

لەوبارەوە تەها یاسین، شوێنەوارناس ئاماژە بەوەدەکات: "دوای هاتنی داعش بۆ مووسڵ، زۆربەی پارچە شوێنەوارییەکانیان شکاند و هەندێکیشییان دزی، ئێستا کار بۆ نۆژەنکردنەوەی پەیکەرەکانی، گا و شێری باڵدار و تەختی شا دەکەین".

شارەزایانی شوێنەوارناسی فەرەنسی لە مۆزەخانەی لۆڤەر پێیانوایە، کارکردن و نۆژەنکردنەی مۆزەخانەی مووسڵ، پێویستی بە 5 ساڵە، بەڵام لەوانەیە بەپێی تایبەتمەندی و کەرەستەکانی کارکردن و ئاستی زیانپێگەیشتوویی پارچە شوێنەوارییەکان، ماوەکەی کەم و زیاد بکات.

پارچە شکاوەکانی مۆزەخانەی مووسڵ - فۆتۆ: AFP
پارچە شکاوەکانی مۆزەخانەی مووسڵ - فۆتۆ: AFP
Fly Erbil Advertisment