تادیچ ریکۆردێکی مێژوویی مێسی شکاند کەچی هەوادارانی بارسێلۆنا دانی پێدانانێن
بەگوێرەی تویتێکی یانەی ئەیاکس ئامستەردام، دوسان تادیچ ریکۆردێکی مێژوویی لیۆنێل مێسی شکاند و بووە یەکەمین یاریزان لە ساڵێکدا 37 ئەسیست بکات بەڵام هەوادارانی بارسێلۆنا دانی پێدانانێن.
دوسان تادیچ یاریزانی سڕبی یانەی ئەیاکس ئامستەردامی هۆڵەندی کە بە باشترین یاریزانی 2021ـی سڕبیا دەستنیشانکرا، لەمساڵدا لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی ژمارەی ئەسیستەکانی 37 ئەسیست و بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا لە ساڵێکدا ئەوەندە ئەسیستە بکات.
پێشتر ریکۆردی زۆرترین ئەسیست لە ساڵێکدا بەناوی لیۆنێل مێسی بوو، کە ساڵی 2011 لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی 36 ئەسیستی کرد، بەڵام هێشتا ریکۆردی زۆرترین گۆڵ لە ساڵێکدا بەناوی لیۆنێل مێسییە کە ساڵی 2012 لەگەڵ بارسێلۆنا و ئارجێنتینا 91 گۆڵی تۆمارکرد.
گەرچی یانەی ئەیاکس بەفەرمی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە کە تادیچ ریکۆردی مێسی شکاندووە، بەڵام بەشێک لە میدیاکان و هەواداران پێیانوایە هێشتا تادیچ ریکۆردی لیۆی نەشکاندووە، چونکە تادیچ دوو ئەسیستی لە یارییە دۆستانەکان کردووە و نابێت هەژمار بکرێن، ئەگەر یارییە دۆستانەکانیش هەژمار بکرێن ئەوا مێسی 10 ساڵ لەمەوبەر 40 ئەسیستی کردبوو نەوەک 36 ئەسیست.