تا نزیكه‌ی 8 هه‌زار ساڵی دیكه ناتوانێت ئیسرائیل جێ بهێڵێت
هیچ تاوانێكیشی ئه‌نجام نه‌داوه، به‌ڵام له 31ی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 9999 ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه وڵاته‌كه‌ی
K24- هه‌ولێر:
دوای تێپه‌ڕبوونی 9 ساڵ به‌سه‌ر چوونی هاووڵاتییه‌كی ئوستراڵی بۆ وڵاتی ئیسرائیل به‌ناوی نه‌عوم هۆبێرت (44 ساڵی)، تا ئێستاش ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل رێگه‌ی پێ ناده‌ن وڵاته‌كه‌یان جێ بهێڵێت و رێگه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه له‌و وڵاته بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 8 هه‌زار ساڵی دیكه لێی قه‌ده‌غه‌كراوه، به‌دیاریكراوی له 31ی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 9999 ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه وڵاته‌كه‌ی.
تاكه رێگه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه له ئیسرائیل بۆ ئه‌و هاووڵاتییه ئوستراڵییه، به‌خشینی زیاتر له 3 ملیۆن دۆلاره بۆ دابینكردنی ئایندهی دوو منداڵه‌كانی.
دوای ئه‌وه‌ی هۆبێرت له هاوسه‌ره ئیسرائیلییه‌كه‌ی جیا ده‌بێته‌وه، له ساڵی 2011 هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه ئیسرائیل، ئه‌وكات ته‌مه‌نی منداڵه بچووكه‌كه‌ی ته‌نها 3 مانگ بوو، گهورهكهشیان ته‌مه‌نی 5 ساڵ بوو.
دواتر له ساڵی 2012 هۆبێرت ده‌چێته ئیسرائیل، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ی نزیك بێت، به‌ڵام نه‌یزانی له یاسای خێزانی ئیسرائیل‌دا چی چاوه‌ڕێی ئه‌و ده‌كات.
دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له چوونی هۆبێرت بۆ ئه‌و وڵاته، هاوسه‌ری پێشووی له دادگای ئیسرائیل سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركرد و دادگاش بڕیاری (فه‌رمانی راگرتنی ده‌رچوون)ی له‌دژی ده‌ركرد، ئه‌ویش به‌هۆی قه‌رزه‌كانی له ئاینده‌دا، كه بڕه‌كه‌ی 5 هه‌زار شیكلی ئیسرائیلییه بۆ هه‌ر مانگێك، تا ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی منداڵه‌كانی ده‌بێته 18 ساڵ، كه كۆی ئه‌و بڕه تا منداڵه‌كانی به‌و ته‌مه‌نه ده‌گه‌ن، ده‌كاته 3 ملیۆن و 300 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
بۆ ئه‌وه‌ی هۆبێرت، كه پسپۆڕی بواری كیمیایه و له كۆمپانیایه‌كی داووده‌رمان كار ده‌كات، ئه‌و بڕه پاره‌یه بدات، به هه‌ر هۆكارێك بێت رێگه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی له ئیسرائیل پێ نادرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ كارێكی تایبه‌ت یان له رۆژانی پشووشدا بێت.
پێگه‌ی "نیوز"ی ئیسرائیلی له‌سه‌ر زاری هۆبێرت گواستییه‌وه و گوتوویه‌تی: "له ساڵی 2013ـه‌وه من له ئیسرائیل به‌ندكراوم و هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌م له لایه‌ن سیسته‌می دادگایی ئیسرائیلییه‌وه رووبه‌ڕووی مامه‌ڵه‌یه‌كی سه‌ختی دوروونی بوونه‌ته‌وه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیرییان له‌گه‌ڵ ئافره‌تانی ئیسرائیلی‌دا كردووه".
هه‌روه‌ها گوتی: "من یه‌كێكم له‌و قوربانیانه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و به ئاشكرا قسه ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی هاووڵاتیانی دیكه‌ی ئوستراڵیا بدات، كه هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانی پیشه‌ییان هه‌یه".
ماریان عه‌زیزی، رۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌خۆی به‌ریتانی، كه هه‌وڵ بۆ هۆشیاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و كه‌یسه ده‌دات، گوتی: "مه‌حاڵه به وردی ژماره‌ی پیاوانی زیانمه‌ند له‌و یاسایه‌ی ئیسرائیل بزانرێت"، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "پێده‌چێت به سه‌دان هاووڵاتیی ئوستراڵی هه‌مان نه‌هامه‌تییان هه‌بێت و له هه‌مان دۆخدا بن".
پێشتریش یاساكانی ئیسرائیل تایبه‌ت به جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران و له‌خۆگرتنی منداڵان رووبه‌ڕووی چه‌ندین ره‌خنه بوونه‌ته‌وه، به‌وه‌ی كه ناڕوون و نادادپه‌روه‌رانه‌ن، له فیلمێكی دۆكیۆمێنتهریشدا كه له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر سۆرین لۆكاوه به‌ناوی "به‌بێ فه‌رمانی ده‌رچوون" به‌رهه‌مهێنراوه، ئه‌وه ده‌رده‌خات، كه ئافره‌ت زۆر به ئاسانی ده‌توانێت رێگه‌ی گه‌شتكردن له باوكی منداڵه‌كانی قه‌ده‌غه بكات و داوای نه‌فه‌قه‌ی منداڵه‌كانی بكات، تا ته‌مه‌نیان ده‌گاته 18 ساڵ و ده‌بێت به‌ڕێژه‌ی 100%ی هه‌موو داهاته‌كه‌یان یانیش زیاتر بۆ خه‌رجیی منداڵه‌كانیان لێ بسه‌ندرێت.
عه‌زیزی گوتی: ناتوانم ده‌ستم به ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له هیچ باڵیۆزخانه‌یه‌كی بیانی بگات و گوتی: "له ئیسرائیل پاسه‌وانییه‌كی توند له‌سه‌ر ئه‌و نهێنییه هه‌یه".
بۆ یه‌كه‌م جار كه عه‌زیزی ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه له‌و كه‌یسه كرد، كاتێك بوو كه هاوسه‌ره‌كه‌ی سه‌ردانی ئیسرائیلی كرد بۆ بینینی منداڵه‌كانی و دواتر رێگه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه له‌و وڵاته‌ی پێنه‌درا.
دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبێك له‌سه‌ر ئه‌زموونی خۆی له‌گه‌ڵ سیسته‌می دادی ئیسرائیلی به‌ناوی (ماستی تێكدراو و هه‌نگوینی دزراو)، عه‌زیزی توانی ده‌ستی به كۆكردنه‌وه‌ی گوته‌ی ئه‌و كه‌سانه بگات، كه هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه.
پێشتریش له گوتارێكدا له رۆژنامه‌ی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"، ئاده‌م هیرسكۆ جه‌ختی له‌وه كردبووه‌وه، "باوكانی ئیسرائیل له‌و جۆره پیاوانه‌ن كه مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره".
هه‌وره‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر تۆ پلانت بۆ ئه‌وه هه‌یه بچیته ئیسرائیل و له‌وێ خێزانێك پێكبهێنیت، ئه‌وا پێویسته له‌وه تێبگه‌یت، كه یاساكانی خێزانیی ئه‌و وڵاته زۆر توندن و به‌رامبه‌ر به پیاوان زۆر جیاكارییان تێدایه، كه له‌وانه‌یه وه‌ك تاوانبارێك مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا بكرێت، یانیش ده‌بێت ببیت به ئامێری ده‌ركردنی پاره".
H.B