هەولێر دووەم بردنەوەی لەسەریەکی لە خولی نایابی عێراق بەدەستهێنا
هەولێر لە خولی نایابی عێراق دووەمین بردنەوەی لەسەریەکی بەدەستهێنا و 2-1 لە سامەڕای بردەوە.
هەولێر لە گەڕی شازدەمی خولی نایابی عێراق لە بەغدا بووە میوانی سامەڕا، لە نیوەی یەکەم هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، بەڵام لە دەستپێکی نیوەی دووەم سامەڕا بە گۆڵێک پێشکەوت، لە بەرامبەردا کوڕانی قەڵاومنارە ئەنجامەکەیان ئاوەژووکردەوە، سەرەتا شێرکۆ کەریم گۆڵی یەکسانبوونی کرد، ئینجا دواتر بارزان شێرزاد گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد.
هەولێر لەژێر سەرپەرشتی نزار مەحرووس دووەمین بردنەوەی لەسەریەکی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی 14 خاڵ و لە چاوەڕوانی یارییەکانی سبەی بە شێوەیەکی کاتی هاتە پلەی پازدەمی خولەکە.
هەولێر بەو دوو گۆڵەی تۆمارکرد ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزە گەیاندە 10 گۆڵ و لە بەرامبەردا 19 گۆڵی لێکراوە و لەم وەرزەش تەنیا سێ بردنەوەی بەدەستهێناوە.