گه‌نجێك به تۆمه‌تی پلاندانان بۆ كوشتنی باوكی ده‌ستگیركرا
پاره‌ی داوه‌ته هاوڕێیه‌كی خۆی تا باوكی بكوژێت و زوو میراته‌كه‌ی وه‌ربگرێت

K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی نه‌یجیریا رایگه‌یاند، گه‌نجێك به تۆمه‌تی پلاندانان بۆ كوشتنی باوكی ده‌ستگیركراوه، كه به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره پاره‌ی داوه‌ته هاوڕێكه‌ی، تا باوكی بكوژێت و زوو میراتی باوكی وه‌ربگرێت.
گۆڤاری "Newsweek"ی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكرده‌وه، پۆلیسی ویلایه‌تی نه‌یجر (باكووری نه‌یجیریا) گه‌نجێكی ته‌مه‌ن (25) ساڵه‌ی به ناوی "ئه‌بوبه‌كر محه‌مه‌د بابا" ده‌ستگیركردووه، به‌تۆمه‌تی پلاندانان بۆ كوشتنی باوكی، تا میراتی باوكی وه‌ربگرێت، گه‌نجه‌كه هاوڕێیه‌كی خۆی راسپاردووه كاره‌كه جێبه‌جێ بكات.
به گوێره‌ی راپۆرتی پۆلیس، حاجی محه‌مه‌د بابا، به كوژراوی و پارچه پارچه كراوی له نزیك به‌نداوی تاجاوا دۆزراوه‌ته‌وه، دوای لێكۆڵینه‌وه، كوڕی پیاوه كوژراوه‌كه ده‌ستگیركراوه و دانی به تاوانه‌كه‌ی ناوه، كه باوكی له‌لایه‌ن "ئه‌لیۆ محه‌مه‌د"ی هاوڕێكه‌یه‌وه كوژراوه، كه تا ئێستا ده‌ستگیرنه‌كراوه.
كوڕی كوژراوه‌كه دانی به‌وه‌ش ناوه، كه له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌ی رێككه‌وتووه، به‌رامبه‌ر كوشتنی باوكی، 110 هه‌زار نیره-ی نه‌یجیری پێبدات، كه ده‌كاته 268 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، سه‌ره‌تا 122 دۆلاری پێداوه، به‌ڵینی ئه‌وه‌شی پێداوه دوای فرۆشتنی میراتی باوكی، پاره‌كه‌ی دیكه‌ی پێیبدات.