کچێکی کورد دەبێتە شاجوانی گەشتوگوزار

شاجوانی گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2022

هاژە عەدنان، شاجوانی گەشتوگوزار
هاژە عەدنان، شاجوانی گەشتوگوزار

K24 - هەولێر:

هاژە عەدنان، کچێکی کوردە کە ناسناوی شاجوانی گەشتوگوزاری پێبەخشراوە و لە بەرنامەی بەیانی24 باس لە پرۆسەی بەدەستهێنانی ناسناوەکەی دەکات.

شاجوانی گەشتوگوزار بووە میوانی ئەمجارەی بەرنامەی بەیانی24ـی کەناڵی کوردستان24 کە هاژە غەفور پێشکەشی دەکات، لە بەرنامەکەدا باسی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ناسناوەکە کرد.

هاژە عەدنان گوتی: "پرۆسەکە بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، بۆیە ئێمەش بە ئۆنلاین داواکاری بەشداربوونمان پێشەکەش کرد، من پێش دوو ساڵ لە ئیڤێنتی هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان بەشداریم کردبوو، بەڵام تەواوم نەکرد."

ئەو کچە کوردە گوتیشی: "دەزگای دکتۆر سەوسەنی جیهانی هەیە کە هەموو ساڵێک لە هەر وڵاتیک و کچێک هەڵدەبژێرێت کە دەبنە کاندیدی چەند ناسناوێک وەک (شاجوانی گەشتوگوزار، شاجوانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست).

ئاماژەی بەوەشدا، دوای یەک هەفتە لە پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاریەکان کە بەشداربووانی پرۆسەکە دەبوو پڕی بکەنەوە، پەیوەندیان پێوەکردووە و ئاگادارکراوەتەوە کە وەک نوێنەری عێراق لەلایەن دەزگاکەوە دەستنیشانکراوە.

هاژە عەدنان باسی لەوەکرد کە بەشداربووان لە 20 وڵاتی جیاوازەوە وەک نوێنەری وڵاتەکەیان بەشداریان کردووە، دواتر نوێنەری 4 وڵات سەرکەوتوون بۆ قۆناغی کۆتایی و لەو قۆناغەشدا هاژە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

H.H