نزیکەی 900 پەنابەری دیکەی رۆژئاوای کوردستان گەیشتنە هەرێمی کوردستان

بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنی و ئابووری خەڵک رۆژئاوای کورەدستان جێدەهێڵن

K24 – هەولێر

بەهۆی نالەباری رەوشی ئەمنی و ئابووری، جارێکی دیکە هاتنی پەنابەران لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 900 پەنابەری دیکە لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەیشتوونەتە کەمپی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک.

ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ چووەتە کەمپی بەردەڕەش، رایگەیاند: "دوێنێ 183 پەنابەر و شەوی رابردوو 347 و ئەمڕۆش 350 پەنابەری دیکەی رۆژئاوای کوردستان گەیشتوونەتە کەمپی بەردەڕەش".

پەنابەرێک لە کەمپی بەردەڕەش بۆ کوردستان24 دواو و گوتی: "خەڵک بەهۆی نەبوونی ئارامی و خراپی ژیان و گوزەران، رۆژئاوای کوردستان جێدەهێڵن و روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن".

لە ساڵانی رابردوودا خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی شەڕ و بۆردومانەکان زێدی خۆیان جێدەهێشت، بەڵام ئێستا گرانی و نەبوونی سەقامگیری و نەبوونی خزمەتگوزاری و کار، سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بگیرسێنەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست کوردستان24 کەوتوون 10 رۆژ پێش ئێستا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە کەمپی بەردەڕەش نیشتەجێن 3 هەزار کەس بوون، بەڵام لەم چەند رۆژەدا بەهۆی شەپۆلێکی دیکەی پەنابەران ژمارەکە بەرزبووەتەوە.

کەمپی بەردەڕەش لە سنووری قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک توانای لە خۆگرتنی 15 هەزار پەنابەری هەیە.

کەمپی بەردەڕەش - فۆتۆ: ئاری حوسێن
کەمپی بەردەڕەش - فۆتۆ: ئاری حوسێن
کەمپی بەردەڕەش - فۆتۆ: ئاری حوسێن
کەمپی بەردەڕەش - فۆتۆ: ئاری حوسێن
کەمپی بەردەڕەش - فۆتۆ: ئاری حوسێن
کەمپی بەردەڕەش - فۆتۆ: ئاری حوسێن