سوپای عێراق له فهللووجه له پێشڕهویدایه
K24 - ههولێر:
بەپێی دوا پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری فەللووجە، هێزە عێراقییەکان پێشڕەویی زیاتریان کردووە و توانیویانە لە بەرەی رۆژئاواوە بچنە نێو دوو گەڕەکی دیکەی رۆژئاوای شارەکە، هاوكات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق گەیشتە رۆژهەڵاتی رو مادی.
ئیسماعیل مەحلاوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای ئەنبار لەسەر دوا پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری فەللووجە رایگەیاند: "هێزە عێراقییەکان لە میحوەری رۆژئاوا و باشوور و باکوور بەشێوەیەكی بەرفراوان بەرەوە ناوەندی فەللووجە پێشڕەویی دەكەن و توانیویانە لەو میحوەرەوە بچنە نێو دوو گەڕەکی دیکەی شارەکە".
مەحلاوی، گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن و ناوەستن، جیا لە باشوور لە میحوەری باکووریشەوە پێشرەوی کراوەو تاکو ئێستاش پێکدادانەکان لە ناوچەکە بەردەوامن".
ههروهها گوتی: "هێزەكانی عێراق لەگەڵ هۆزە چەكدارەكان، لە میحوەری رۆژئاوا بەرەو ناوەندی شاری فەللووجە پێشڕەوی دەكەن، پاش ئەوەی ئەو هێزانە لە میحوەری رۆژئاوا لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەیان لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش چوونە نێو هەر دوو ناوچەی سبێحات و فەلاحات".
فەرماندەیەکی سەربازی سوپای عێراقیش ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات کە لە میانی پێشڕەوییەكانی هێزە عێراقییەکاندا لەو میحوەرە، فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزی ئاسمانی عێراق و تانك و تۆپخانەكانی سوپا، بەچڕی بۆردومانی شوێنەكانی داعشیان لە میحوەری رۆژئاوا كرد وەو جەخت لە بەردەوامی پرۆسەکان تاکو کۆنتڕۆل کردنەوەی تەواوی فەللووجە دەکاتەوە.
ئهو فهرماندهیه دهڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن، ورەی هێزەکانیش بەرزە، ستراتیژی سەرەکیمان پاککردنەوەی تەواوی فەللووجەیە لەدەست چەکدارانی داعش، بەهیچ شێوەیەك پێشڕەوییەکانمان ناوەستێنین تاکو کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی فەللووجە".
بە گوێرەی لێدوانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباڕ، ئامانج لەم پرۆسەیەی میحوەری رۆژئاوای فەللووجە، گەمارۆدانی چەكدارانی داعشە لەناو شارەکەدا.