سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە پارێزگاری هەولێرەوە کرد

سەرۆک بارزانی: هەرچی پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان بکرێت

سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە پارێزگاری هەولێرەوە کرد
سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە پارێزگاری هەولێرەوە کرد

K24 – هەولێر

لەبارەی رەوشی هاووڵاتییان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاو لە هەندێک گەڕەکی هەولێر، سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە پارێزگاری هەولێرەوە کرد و رایگەیاند: هەرچی پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان بکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2022، سەرۆک مەسعود بارزانى لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، به‌دواداچوونى بۆ دۆخى هاووڵاتییانى شارى هەولێر و ئەو شوێنانه‌ کرد كه‌ به‌ره‌به‌يان به‌هۆى بارانێكى زۆره‌وه‌ تووشى گردبوونەوەى ئاوى باران هاتن.

سەرۆک بارزانى لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌، به‌ زووترين كات لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندار و ده‌زگا حكومييه‌كان هه‌رچى پێويسته‌ بۆ پاراستن و به‌هاناوەچوونى هاووڵاتییان و هاوكاريکردنیان ئه‌نجامی بده‌ن.

لای خۆییه‌وه‌ پارێزگارى هه‌ولێر رەوشى شارى هەولێر و ئەو شوێنانەى بە هۆى رێژەى زۆرى باران بارینه‌وه‌ دووچارى گردبوونەوەى ئاو هاتوون، روون كردووە، پرۆسه‌ى فریاكه‌وتن و بە هانەوەچوونى تیمەکانى فریاگوزاریی و فەرمانگە خزمەتگوزراییەکانى بۆ سەرۆک بارزانى باس كرد.

 دووپاتیكردووە، تەواوى داموده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان بۆ پاراستنى سەلامەتى سەر و ماڵ و گیانى هاووڵاتییان له‌ ئامادەباشیدان و له به‌‌دواداچوون بۆ پێشهاته‌كان بەردەوامن و هەرچى پێویست بێت ئه‌نجامى ده‌درێت.

پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، جەنابی مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەیانى زووەوە بەردەوام لەگەڵمان لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەنجامدانى هەرچی پێویست بێت لە هاوکارى و یارمەتیدان و بەهانەوەچوونى هاووڵاتییان.

Fly Erbil Advertisment