وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی به‌غدا ئیدانه ده‌كات
"ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق بژارده نییه، به‌ڵكو رێچكه‌یه‌كی حه‌تمییه"
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هێرشی مووشه‌كیی شه‌وی رابردووی ئیدانه كرد، كه باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكای له ناوچه‌ی سه‌وزی شاری به‌غدا كرده ئامانج و دووپاتیكرده‌وه، پابه‌ندین به ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش و پارێزگاریكردن له نێرده دیپلۆماسییه‌كان و گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك ئیدانه ده‌كات، كه ده‌بێته هۆی تێكدان و ئاڵۆزكردنی ئاسایش و سه‌قامگیری له عێراق، به‌تایبه‌ت ئه‌و هێرشه مووشه‌كیه‌ی شه‌وی رابردوو كرایه سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدای پایته‌خت".
هه‌وره‌ها جه‌ختیكرده‌وه، "له‌كاتێكدا ئێمه پابه‌ندبوونی خۆمان به ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسای و پارێزگاریكردن له نێرده دیپلۆماسییه‌كان پشتبه‌ستن به هه‌موو رێگه‌كانی گرێنتیكردنی كاره‌كانیان به‌گوێره‌ی پره‌نسیپ و رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه، جه‌ختیش له رێكاره‌كانی حكومه‌تی عێراقی بۆ راونانی تاوانباران و سزادانیان به‌گوێره‌ی یاسا ده‌كه‌ینه‌وه".
له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا ئاماژه به‌وه دراوه، "ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق بژارده نییه، به‌ڵكو رێچكه‌یه‌كی حه‌تمییه و گوزارشته له بوونی ده‌وڵه‌ت له‌میانه‌ی دامه‌زراوه‌كان و ئاسایشی كۆمه‌ڵگاكه‌ی".
H.B