"ئۆتۆمبێلمان بە قەرز و قیست کڕی کەسێک بە فێڵ لێی دزین"
"وردەکاری دزینی ئۆتۆمبێلی ژمارەیەک هاووڵاتی لەلایەن کۆمپانیایەکەوە"

K24 – هەولێر
دوای ئەوەی ژمارەیەك ھاووڵاتی بە مەبەستی دەرفەتی كار گرێبست لەگەڵ كۆمپانیایەك واژوو دەكەن كۆمپانیاكە ئۆتۆمبێلەكانیان دەبات و پۆلیسی ھەولێر لە رووداوەكە ئاگادار دەكەنەوە دوای 12 كاتژمێر پۆلیس و ئاسایش باندێك دەستگیردەكات و شەش ئۆتۆمبێلی جۆری لاندكرۆزەر بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێننەوە. یەکێک لەو کەسانەی ئۆتۆمبێلەکەی دزراوە چیڕۆکەکە بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێر، کاتێک زانیوویەتی کۆمپانیایەک داوای دامەزراندنی شۆفێر دەکات بە مووچەی 1800 دۆلار، بە مەرجێك ئۆتۆمبێلی جۆری لاندکرۆزەری هەبێت و مۆدێلی سەروی2017 بێت و هەموو خەرجیەكی لەسەر کۆمپانیا دەبێت، هەرچەندە ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلەی نەبووە، بەڵام لەبەر بەرزی مووچەکە بە شێوەی قیست لاندکرۆزەرێکی کڕیووە و دواتر کەسێک بەناوی کۆمپانیا بە فێڵ لێی دەدزێت.
ئەو هاووڵاتییە چیڕۆکەکە بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە و گوتی: "ئێمە کۆمەڵێک کەس کە ئەوەمان زانی چووین ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەمان کڕی کە کۆمپانیاکە داوای کردبوو، هەندێکمان بە قەرز و قیست، هەندێکیش هەبوون خانوویان فرۆشتبوو، چونکە گوتیان مووچەی مانگانە 1800 دۆلارە، گوتمان بە ماوەی ساڵێک نیوەی پارەی ئۆتۆمبێلەکە وەردەگرینەوە، نەمانزانی فێڵمان لێدەکات".
باسی لەوەشکرد: "دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانمان کڕی، ئەو کەسە پێی گوتین، ئۆتۆمبێلەکان دەبەینە سەر رێگای مووسڵ (GPS)ی بۆ دەبەستین، بەڵام یاسای کۆمپانیاکەمان ئەوەیە نابێ ئێوە لەوێ بن، گوتی کاتژمێر 7ی ئێوارە ئۆتۆمبێلەکان وەردەگرینەوە، لەو سەروبەندە خۆی لە ئێمە شاردەوە، ئێمەش پۆلیس و ئاسایشمان لێ ئاگادار کردەوە. هێزەکانی ئاسایش زۆر هاوکاریان کردین، بە کەمتر لە 24 کاتژمێر فێڵەکەیان ئاشکرا کرد".
دوای ئەوەی ئەو ھاووڵاتییانە زانیووانە لە لایەن كۆمپانیاكەوە فێڵیان لێكراوە پۆلیس و ئاسایشی ھەولێر ئاگادار دەكەنەوە و ھێزە ئەمنییەكانیش توانیویانە لە ماوەی 12 کاتژمێردا شەش ئۆتۆمبێل بدۆزنەوە و باندێکی دزینی ئۆتۆمبێلیش لە شاری هەولێر دەستگیر بکەن، ئێستا باندەكە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.
ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای فەرمانی دادوەر بۆ دەستبەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکە هەبووە، توانرا شەش ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا بگیرێت، هاوکات دوو کەس بەو تۆمەتە دەستگیر کراون، ئەو کەسەی خۆشی بە خاوەنی کۆمپانیاکە ناساندووە دەستگیر کراوە".
دوای ئەو دەنگۆیە، چەند گەنجێک بەم هەلی کارەیان زانیووە و 13ی ئەم مانگە چوون بۆ کۆمپانیاکە بۆ ئەوەی گرێبەست بکەن، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان 8 ئۆتۆمبێلی جۆری لاندکرۆزەر بووە، لەکاتی گرێبەست خاوەنی کۆمپانیاکە پێی گوتوون دەبێت ئۆتۆمبێلەکان (جی پی ئێس) یان لەسەر ببەسترێت، بەڵام خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەڵێن، "فێڵی لێکردین و ئۆتۆمبێلەکانیان برد و نەیگەڕاندنەوە".