هێزهكانى سورياى ديموكراتى تهنيا 3 كيلۆمهتريان ماوه بگهنه مونبج
ھێزەكانی سوریای دیموكراتی بەردەوامن لە ھێرشەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی مونبج و لەو نێوەندەشدا فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان بەردەوامن لە بۆردومانكردنی شارەكە
K24 – ههولێر:
ھێزەكانی سووریای دیموكراتی توانیویانە بە تەواوی گەمارۆی شارۆچكەی مونبج بدەن، لەو نێوەندەشدا بەھۆی شەڕ و پێكدادانەكان بە ھەزاران كەس ئاوارەبوون و ژمارەیەكی زۆری دیكەش نەیانتوانیوە خۆیان لە مونبج دەرباز بكەن و بەرەو ناوچە ئارامەكان بڕۆن.
ھێزەكانی سوریای دیموكراتی بەردەوامن لە ھێرشەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی مونبج و لەو نێوەندەشدا فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان بەردەوامن لە بۆردومانكردنی شارەكە، دوای ئەوەی رۆژی ھەینی شارەكە بە تەواوی گەمارۆدرا بەو ھۆیەوە ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتی بەرەو شارۆچكەی عەزاز ھەڵاتوون.
لەلایەكی دیكەوە بە ھەزاران هاووڵاتى تا ئێستا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش ماونەتەوە و نەیانتوانیوە خۆیان رزگار بكەن.
ئێستا چەكدارانی ھێزەكانی سووریای دیموكراتی بە تەواوی گەمارۆی مونبجيان داوە و تەنھا 3 كیلۆ مەتر لەو شارەوە دوورن، بەجۆرێك دەتوانن بەھۆی دووربینەوە جموجۆڵەكانی ناو مونبج ببینن، وەك بەرپرسانی ھێزەكانی سووریای دیموكراتیش ئاماژەیان پێداوە ئەوان لە چەند رۆژی داھاتوودا مونبج ئازاد دەكەن.