روونكردنەوەیەك لەبارەی هەواڵی دەركردنی پیاوێك لەلایەن خێزانەكەی
گواسترایەوە بۆ خانەی بەساڵاچووان
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر لەبارەی هەواڵی دەركردنی پیاوێك لەلایەن خێزانەكەیەوە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 28ـی كانوونی دووەم، دوای بڵاو بوونەوی هەواڵی دەركردنی پیاوێك لەلایەن خێزانەكەی، بەڕێوەبەری گشتیمان بە یاوەری بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووان و تیمێكی خانە بە شێوەی مەیدانی سەردانی كەسەكەیان كرد و بۆ خانەی بەساڵاچووانیان گواستەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، كێشەی ئەم كەسە كۆنە و پێشتر هەر لەسەر هەواڵی راگەیاندنەكان دووجار تیمی خانەی بەساڵاچووان سەردانیان كردووە، بەڵام هەروەك بەخۆی لە راگەیاندنەكان ئاماژەی پێكرد ئەم کەسە ئالوودە بووە بە خواردنەوە كحولییەكان و هەر ئەمەش هۆكار بوو پێشتر رازی نەبێت بچێتە خانەی بەساڵاچووان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر داوا لە راگەیاندنەكان و هەموو لایەك دەكات، بۆئەوەی راستگۆیی و پیشەیی بوونی خۆیان بپارێزن ومتمانەی بینەرانی خۆیان لە دەست نەدەن، پێش ئەوەی هەواڵێك لە سەر ئەم بابەتانە بڵاو بكەنەوە پەیوەندییان پێوە بكەن.