کچەکەی سەدام لەسەر "پەیامێک بۆ سەدر" هاتە دەنگ
"لە فەیسبووک پەیجم نییە"
K24 – هەولێر
رەغد سەدام حوسێن، کچی سەرۆکی حزبی بەعسی لەناوچووی عێراق، رەتیدەکاتەوە هیچ پەیامێکی بۆ ستایشکردن ئاراستەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر کردبێت.
رەغد سەدام، لەبارەی ئەو پەیامەی لە پەیجێکی فەیسبووک بەناوی ئەو بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ستایشی موقتەدا سەدر کراوە کە نووسراوە "سوپاس، ئاسوودەت کردین، هەمیشە پشتگیرت دەکەین"، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: ئەو پەیامە هی من نییە و هیچ لاپەڕەیەکم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نییە، تەنها لە تویتەر لاپەڕەی تایبەتی خۆم هەیە.
بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە بەناوی کچەکەی سەدام لەکاتێکدایە کە لایەنەکان لە قۆناغی گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کێشەش کەوتووەتە ناو ماڵی شیعە، دوای چەند کۆبوونەوەیەک تائێستا رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەیانتوانیوە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو بگەنە رێککەوتن.