پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی عەریف جەمال

سه‌رۆك بارزانی: عه‌ریف جه‌مال تێكۆشەرێكی قارەمانی گەلی كوردستان و هەڵگری میدالیای بارزانی نەمر بوو

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24- هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی جه‌مال حه‌مه‌ده‌مین سه‌عید، ناسراو به‌ "عه‌ریف جه‌مال"، به‌رپرسی هه‌ردوو ده‌زگای ئه‌یلوول و گوڵان له‌ كه‌ركووك، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پرسه‌نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی كه‌سوكار و خانه‌واده‌ی كۆچكردوو كرد.

ده‌قی پرسه‌نامه‌ی سه‌رۆك بارزانی، بۆ كۆچی دوایی "عه‌ریف جه‌مال":

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی پێشمەرگە و كەسایەتیی نیشتیمانپەروەر و بەرپرسی هەردوو دەزگای ئەیلوول و گولانی كەركووك جەمال حەمەدەمین سەعید ناسراو بە (عەریف جەمال)ـم بیست. خوالێخۆشبوو تێكۆشەرێكی قارەمانی گەلی كوردستان و هەڵگری میدالیای بارزانی نەمر بوو كە ماندوونەناسانە تەمەنی خۆی بۆ خەبات و خزمەتكردنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان تەرخان كرد.

پرسە و سەرخۆشیی خۆم بە بنەماڵە و كەسوكار و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو عەریف جەمال ڕادەگەیێنم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی

29ـی كانوونی دووەمی 2022