لە مەخموور بازگە و هێزی زۆر هەیە و خزمەتگوزاری نییە

خەڵکی مەخموور لە بێ خزمەتگوزاری و بوونی هێز نیگەرانن

قایمقامیەتی قەزای مەخموور - فۆتۆ: کوردستان24
قایمقامیەتی قەزای مەخموور - فۆتۆ: کوردستان24

K24 - مەخموور

بوونی ھێزی ئەمنی و بازگە لەنێو شارۆچكەی مەخموور و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاوی خواردنەوە، رێگاوبان، كارەبای نیشتمانی دانیشتووانەكەی نیگەران كردووە، تا ئێستاش حكومەتی عێراق بودجەی بۆ چارەسەركردنی كێشە خزمەتگوزارییەكان دابین نەكردووە. جێگری پارێزگاری نەینەوا رایدەگەیەنێت، ھەفتەی داھاتوو بەشێك لە كێشە خزمەتگوزارییەكانی شارۆچكەی مەخموور چارەسەر دەكەن.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە هەفتەی داهاتوودا تیمێک دەنێرینە مەخموور، تیمەکە سەردانی ئەو گوندانە دەکات کە کێشەی رێگاوبان و ئاویان هەیە، هەفتەی دواتر پڕۆژەکان دەخرێنە بواری جێبەجێکردن و بەشێک لە گرفتەکان چارەسەر دەکرێن".

یەكێك لەو كێشانەی كە زیاتر دۆخی شارۆچكەی مەخمووری ئاڵۆزكردووە، بوونی بازگەیە لەنێو قەزاکە، بە گوتەی قایمقامی مەخموور ئەو ھێزە زۆرەی لە مەخموور كۆكراوەتەوە سیمای شارۆچكەكەی ناشرین كردووە، ھێزەكەش كێشە بۆ ئەو كاسبكارانە دروست دەكات، كە دەیانەوێت پێویستییەكانی بازاڕ لە شاری ھەولێر بێنن.

لەوبارەوە رزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخموور بە کوردستان24ی گوت: "بازگەی مەخموور نەک پەیوەندی دوو قەزا و شار، بەڵکو دوو حکومەتی لێک جیا کردووەتەوە، بەداخەوە زیانئ زۆر بەر خەڵکی مەخمووە کەوتووە".

روونیکردەوە: "بڕیار دراوە ئەو بەروبوومانەی لە عێراق هەیە، رێگەی پێنەدرێت داخیلی شارەکان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە بازگەی نێوان مەخموور و هەولێر زۆر توندکراوە، زیاتر لە هەشت لایەنی ئەمنی سەرپەرشتی بازگەکە دەکەن".

بوونی ھێزەی ئەمنی لەناو شارۆچكەی مەخموور و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، كە دیارترینیان رێگاوبان و ئاوی خواردنەوە و كارەبای نیشتمانین كێشەی بۆ دانیشتوانەكەی دروستكردووە، حكومەتی عێراقیش ھیچ بودجەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشە خزمەتگوزارییەكانی شارۆچكەی مەخموور دابین ناكات.