عێراق سبه‌ی دوایین تروسكایی بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیال تاقی ده‌كاته‌وه‌

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ پاڵه‌وانێتی جامی عه‌ره‌ب 2021
هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ پاڵه‌وانێتی جامی عه‌ره‌ب 2021

هه‌ڵبژاردەی عێراق سبەی لە یارییەکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال دەبێتە میوانی لوبنان، بردنەوە ئەم یارییە هیوایەک بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ بەدەستهێنانی پلەی سێیەم و گەیشتن بە قۆناغی پلەی ئۆفی پاڵاوتنەکان، لەم یارییەش بەهۆی کۆرۆناوە لە چەند یاریزانێکی بێبەش دەبێت لە نێوانیان شێرکۆ کەریم ناتوانێت یاریی بکات.

هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵگەی فواد شەهابی وەرزشی لە لوبنان دوایین یەکەی مەشق و راهێنانی بە ئامادەبوونی 22 یاریزانی ئەنجام دا، دوایین جەنگی گەیشتن بە مۆندیالی 2022 دەکات کاتێک رووبەڕووی هەڵبژاردەی لوبنان دەبێتەوە.

عێراق لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات لە کۆمەڵەی یەکەم لە حەوت یاریی رابردوو نەیتوانیوە تەنانەت بردنەوەیەکیش تۆمار بکات و لە چوار یاریی یەکسان بووە و سێ یارییشی دۆڕاندووە، بە چوار خاڵ لە خانەی پێنجەم دەبینرێت و بە جیاوازی خاڵێك لە دوای لوبنانی چوارەمە، بەهیوای بردنەوەی ئەم یارییەیە لە هەوڵی گەیشتن بە پلەی سێیەم بۆ ئەوەی بتوانێت لە پاشکۆی پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالی 2022 بەدەست بهێنێت، لە یاریی چوونیشدا لەم قۆناغەی پاڵاوتنەکان عێراق و لوبنان بەبێ گۆڵ یەکسان بوون.

لە هەڵبژاردەی عێراق بەشار رەسەن بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان یاریی ناکات، سامح سەعید و شێرکۆ کەریم و حوسێن جەبار و سەعد ناتق و ئەمجەد عەتوانیش بەهۆی کۆرۆناوە لەم یارییە ئامادە نابن.

لە هەڵبژاردەی لوبنانیش وەلید شۆر بەهۆی پێکانەوە ئامادە نابێت و محەمەد حەیدەریش بەهۆی کۆرۆناوە لەم یارییە ئامادە نابێت.

ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح: داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵكی عێراق ده‌كه‌ین

ئەحمەد سەڵاح یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌ڵێت: ئێوە دەزانن یاریزانەکانمان بە چ دۆخێک تێپەڕ دەبن و چەند یاریزانێکمان تووشی کۆرۆنا بوون، بێگومان هەڵبژاردەکانی دیکەش بەم دۆخە تێپەڕ دەبن، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەوەی ئێمە زۆر تایبەتتربوو، ئێستا بە گەڕانەوەی چەند یاریزانێک لیستەکەمان پڕتر بووە و ژمارەیەکی زیاتر یاریزانمان بەردەستن و دەتوانین جیاوازتر دەرکەوین، بە تایبەت بۆ نیوەی دووەم دەتوانین سوود لە چەند یاریزانێک وەرگرین، بە پشتیوانی خوا بۆ ئەم یارییە ئامادەین، بێگومان ئەم یارییە بۆ ئێمە یەکلاکەرەوەیە و هیوادارین ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین، ئێمە داوای لێبوردن لە خەڵکی عێراق دەکەین پێموایە دڵیان شکاوە بەهۆی ئەنجامەکان، بەڵام ئەوە تۆپی پێیە و هەندێک شت لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەیە.

ئەم یارییەی عێراق و لوبنان کاریگەر و یەکلاکەرەوە دەبێت، دۆڕان لەم یارییە واتە نەمانی هیچ هیوایەک بۆ بەدەستهێنانی پلەی سێیەم و گەیشتنە بە قۆناغی پاشکۆی پاڵاوتن.

Fly Erbil Advertisment