قەرزی گشتی ئەمهریکا بۆ سەرووی 30 ترلیۆن دۆلار بەرزدەبێتەوە
ئەمهریکا نزیکەی 8 ترلیۆن دۆلاری وەبەرهێنەرەكانی ژاپۆن و چین قەرزدارە

K24 - ههولێر:
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئاستی قەرزی گشتی ئەمهریکا بۆ سەرووی 30 ترلیۆن دۆلار بەرزبووەوە، لە کاتێکدا واشنتن بەردەوامە لەو هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەسەر ئابووری وڵاتهكهی.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمهریکا، قەرزی گشتی لە حەوت ترلیۆن له ساڵی 2019 بۆ 30 ترلیۆن و 100 ملیار دۆلار لە 2022 بەرزبووەتەوە.
ئێستا ئەمهریکا نزیکەی 8 ترلیۆن دۆلاری وەبەرهێنەرە بیانییەکان بە تایبەت ژاپۆن و چین قەرزدارە.
بە گوێرەی داتاکانی تۆڕی "سی ئێن بی سی"، قەرزی ئەمهریکا لە ساڵی 2008ـەوە بەردەوام کەڵەکە دەبێت، بە جۆرێک لە کۆتاییەکانی 2007 کۆی قەرزی سەر ئەمهریکا 9 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمهریکا قەبارەی قەرزەکان بۆ 20 ترلیۆن دۆلار بەرزبووەوە و ئێستاش بۆ سەرووی 30 ترلیۆن دۆلار زیادیکردووە.