له نزیك هه‌ولێر گه‌نجێك كوژرا
K24 – هه‌ولێر:
شه‌وی رابردوو، له گوندی قوچه بڵباس، كه ده‌كه‌وێته نێوان هه‌ولێر – قوشته‌په، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 24 ساڵیان كوشت.
له‌و باره‌یه‌وه، عه‌بدولسه‌مه‌د له‌تیف، برای قوربانییه‌كه، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌حمه‌د له‌تیف له‌دایكبووی (1998) شه‌وی رابردوو، كاتژمێر (10:00)ی شه‌و له لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه كوژراوه.
گوتیشی: رووداوه‌كه به هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بووه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌تیكردووه‌ته‌وه، كچێك بخوازێت، ئه‌حمه‌دی برام كوژرا.
ئه‌حمه‌د له‌تیف، قوتابی به‌شی په‌روه‌رده‌ی وه‌زرشی بووه، له هه‌ولێر و له پاڵ خوێندنه‌كه‌شیدا، كاری جوتیاری كردووه و به‌یانیان زوو له گومرگ كاری كردووه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، بكوژه‌كه كارمه‌ندی ئه‌منییه و تاوانه‌كه‌ی به ده‌مانچه‌ی جۆری كڵۆك ئه‌نجامداوه.
عه‌بدولسه‌مه‌د روونیشیكرده‌وه، شه‌وی رابردوو، كاتژمێر (10:00)ی شه‌و، ئه‌حمه‌د خه‌وتووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌یانی زوو بچێته سه‌ر ئیش، به‌ڵام بكوژه‌كه هه‌ڵیكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵیان و كاتێك ئه‌حمه‌د له خه‌و هه‌ڵساوه، به هۆی ده‌نگه ده‌نگه‌وه، چووه‌ته دیوه‌خان، بكوژه‌كه چه‌ند فیشه‌كێكی پێوه ناوه و ده‌ستبه‌جێ كوشتوویه‌تی.
عه‌بدولسه‌مه‌د باسی له‌وه‌شكرد، بكوژه‌كه و كه‌سوكاری رایانكردووه و تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراون.
پۆلیسی قوشته‌په و بنكه‌ی ئاسایشی شه‌مامك له شوێنی رووداوه‌كه په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان رێكخستووه و دوای گواستنه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌حمه‌د بۆ پزیشكی دادوه‌ری، كه‌سوكاری ته‌رمه‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌ته‌وه و ئه‌سپه‌رده‌ی خاكیان كردووه.