گه‌نجێك به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر تراژیدیای ئێزدییه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/701cad7e-e3a4-47f4-846f-1fc7cfef845d/YazidiMan.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ماوەیەکە گەنجێکی ئێزدی سەرقاڵی تۆمارکردن و کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر قوربانیانی ئێزدی لەسەر دەستی چەکدارانی داعش، ئەو گەنجە رایگه‌یاند، تا ئێستا توانیویەتی زانیاری لەسەر زیاتر لە 2400 قوربانی دەستی داعش تۆمار بکات.

ئەم پیاوە ئێزدییە، سەرقاڵی بە دۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی چەکدارانی داعشە لە دژی کوردانی ئێزدی، بەو ھیوایەی ئەگەر دادگای نێودەوڵەتی کەیسی ئێزیدییەکانی کردەوە، بەڵگەکەکان لەبەردەست بن و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن.

بەھزاد فەرحان موراد، ئەو پیاوە ئێزدییە کە خەڵکی شنگالە و ئێستا لە شاری دھۆکە، خەریکی کۆکردنەوەی دۆکیومێنت و بەڵگەکانە لەسەر نه‌ھامەتییەکانی چەند ساڵی رابردووی ئێزدییەکان کە لەسەر دەستی چەکدارانی داعش دووچاری ھاتوون.

لە ساڵی 2014 و لەکاتی داگیرکردنی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن رێکخراوی داعشەوە، بە ھەزاران ئێزدی کوژران و بە ھەزارانی دیکەش لەلایەن ئەو گرووپە تیرۆریستییه‌وه‌ رفێنران و زۆربەی ئافرەت و کچەکانیشیان لەلایەن چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ کرانە کۆیلە، جگە لەوەی بە ھەزارانی دیكه‌یش، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێھێشت و روویان لە هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك کرد.

ئەو پیاوە تەمەن 28 ساڵە، دەیەوێت مێژووی خەڵکەکەی خۆی بنووسێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەکانی داھاتوو، ئەو تاوانانە لەبیر نەکەن کە داعش رووبەڕووی ئێزدییەکانی کردوونەتەوە.

بەھزاد دەڵێ تا ئێستا توانیویەتی زۆر لە کامپی ئاوارە ئێزدییەکان بەسەر بکاتەوە و قسە و زانیاری لە زیاتر 2400 قوربانی دەست داعش تۆمار کردووە.

بەھزاد ئاشکراشی دەکات ئەو وەکو کەسێکی سەربەخۆ ئەو کارە دەکات و چەند ھاوڕێیەکی ھاوکاری دەکەن، سەرجەم خەرجی ھەڵمەتەکەش لەلایەن خۆیەوە دابین دەکرێت و ھیچ لایەن و حکوومەتێك ھاوکاری نه‌كردووه‌.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەکاتی ھاتنی داعش بۆ نێو شنگال، نزیکەی ٥ ھەزار ئێزدی کوژران کە زۆرینەیان پیاو بوون و نزیکەی چوار ھەزاری دیکەش کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون، رفێنران کە تا ئێستا چارەنووسی زۆرینەیان دیارنییە.