بەرپرسێکی باڵای یۆنان لەکارەکەی دوور دەخرێتەوە
لەسەر پێکەنین بە کارەساتی سروشتی
K24 - هەولێر:
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا وەزیری کشتوکاڵی یۆنان بە بابەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کارەساتی سروشتی پێدەکەنێت و لەدوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکە، لە کارەکەی دوورخرایەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "abc NEWS"، كيرياكوس ميتسوتاكيس سەرۆک وەزیرانی یۆنان، سپیلیۆس لیڤانۆس وەزیری کشتوکاڵی لەکارەکەی دوورخستەوە، بەهۆی ئەوەی لەکاتی تاوتوێکردنی پرسی (چۆن قەرەبووی کارەساتی سروشتی دەتوانێت یارمەتی بردنەوەی هەڵبژاردن بدات) پێکەنیووە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکە لە میدیاکانی ئەو وڵاتە، سەرۆک وەزیران داوای روونکردنەوەی لە وەزیری کشتوکاڵ کردووە لەسەر ئەو کاردانەوەیەی کە لەو کاتەدا هەیبووە.
وەزیری کشتوکاڵ دانی بەوەدا ناوە کە دەبووایە "کاردانەوەیەکی دیکە"ـی هەبووایە و لەگەڵیدا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد و دواتر دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ کرا.
گرتە ڤیدیۆکە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی وەزیری کشتوکاڵ و حاکمی ویلایەتی سپارتا لە باشووری یۆنان، گیراوە، تێیدا باس لەوە دەکرێت کە چۆن قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کارەساتە سروشتیەکەی چەند هەفتەی رابردووی باشووری یۆنان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کاریگەری دەبێت لەسەر پارتەکەیان، لیڤانۆس لەو کاتەدا پێدەکەنێت و دەڵێت کارێکی لەوجۆرە "دەستەکەوتێکی ئەفسانەییە"، کە دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، جوتیارانی زیانلێکەوتوو قەرەبوو دەکرێنەوە.
پێترۆس دۆوکاس، حاکمی ویلایەتی سپارتا، بەهەمانشێوە لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.
H.H