بە وێنە.. پەردە لەسەر پەیکەری جیهاد دڵپاک لادرا
جهیاد دڵپاک رۆڵی گرنگی هەبوو لە بواری سینەما و شانۆ
K24 - سلێمانی
لەرێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندان و کەسوکار و هاورێیانی، رۆژی 12/2/2022، لە سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەندی دیاری بواری سینەما و شانۆ، جیهاد دڵپاک لادرا.
جیهاد زۆراب ئەحمەد، ناسراو بە "جیهاد دڵپاک" یەکێک بوو لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان، رۆڵی گرنگی هەبوو لە بواری سینەما و شانۆ، بەشداری لە چەندین شانۆگەری و دراما کردووە.
جیهاد دڵپاک لە ساڵی 1948 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، دەرچووی خانەی مامۆستایانی کەرکووک بوو، ساڵی 1971 یەکەم کاری بەناوی (ژیانی کچە لاڵەکە) وەک کاری شانۆ پێشکەشکردووه و درامای (بەهاری دزراو)یش یەکەم کاری دراما بووە کە ساڵی 1972 بەشداریی تێدا کردووە.