به ڤیدیۆ.. عومه‌ر مه‌تین له 9 چركه‌دا 24 فیشه‌كی ته‌قاندووه
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت بڵاوبووه‌ته‌وه، له‌ماوه‌ی 9 چركه‌دا ده‌نگی ته‌قاندنی 24 فیشه‌ك دێت و ئه‌وانه‌ی ڤیدیۆكه‌شیان بڵاوكردووه‌ته‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن، له‌و ماوه‌یه‌دا، كه ته‌نها 9 چركه‌یه، عومه‌ر مه‌تین 24 كه‌س كوشتووه.
گرته‌یه ڤیدیۆییه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی یانه‌ی په‌ڵس، كه یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی تایبه‌ت بووه به هاوڕه‌گه‌زبازان، تۆماركراوه و ده‌نگی ته‌قه له‌ناو یانه‌كه ده‌بیسترێت، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش عومه‌ر مه‌تین، كۆمه‌ڵێك كه‌سی له‌ناو یانه‌كه وه‌ك بارمته هێشتبۆوه، به‌ڵام پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانی هیچ یه‌كێك له‌و بارمتانه ئازاد بكات و باس له‌وه ده‌كرێت سه‌رجه‌میان كوژرابن.
پۆلیس ویلایه‌تی فلۆریدا رایگه‌یاند، كه ئه‌وان عومه‌ر مه‌تین-یان له ناو هۆڵه‌كه كوشتووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی باس له ئازادكردنی هیچ بارمته‌یه‌ك بكه‌ن.
دوێنێ شه‌و له رووداوێكی ته‌قه‌كردندا، له شاری ئۆرلاندۆی ویلایه‌تی فلۆریدا، كه‌سێكی به‌ره‌گه‌ز ئه‌فغانی، به‌ناوی عومه‌ر مه‌تین، كه له‌دایكبوونی ئه‌مه‌ریكایه، له یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی تایبه‌ت به هاوڕه‌گه‌زبازان، 50 كه‌سی كوشت و 53 كه‌سی دیكه‌شی برینداركرد.
به گوێره‌ی راگه‌یاندنی ته‌ندروستی ئه‌و شاره، برینێكی هه‌ندێك له برینداران قورسه و پێده‌چێت ژماره‌ی كوژراوان به‌رزتربێته‌وه.
ده‌زگا راگه‌یه‌ندنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له زاری سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كانی پۆلیسی ویلایه‌ته‌كه‌ش بڵاویانكرده‌وه، عومه‌ر مه‌تین راسته‌وخۆ سه‌ر به رێكخراوی داعش بووه، به‌ڵام باوكی عومه‌ر مه‌تین ره‌تیكرده‌وه و رایگه‌یاند، كوڕه‌كه‌ی ته‌نها رقی له دیارده‌ی هاوڕه‌گه‌زبازی بووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده‌وه‌یه.