سه‌در: وڵاته‌كه‌مان به‌وانه‌ی ئه‌ودیو سنوور نافرۆشین

"جارێكی دیكه‌ ده‌نگی دڕنده‌كان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی ده‌كرێت"

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در

K24- هه‌ولێر:

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دووپاتیكرده‌وه‌، جارێكی دیكه‌ ده‌نگی دڕنده‌كان به‌رز ده‌بێته‌وه‌، كه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ هیچی دیكه‌ی له‌سه‌ر نییه‌.

سه‌در له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "جارێكی دیكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانه‌كانمان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی ده‌كرێت، كه‌ حكومه‌تێك ده‌بێت "نه‌ شه‌رقییه‌ و نه‌ غه‌ربیه‌"، به‌ڵكو خه‌ریكه‌ رووناكییه‌كه‌ی له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی عێراق و خۆره‌كه‌ی و كانیاوه‌كانی و دارخورماكانی و خاكه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.. خۆشه‌ویستی نیشتمان له‌ بڕوادایه‌‌".

هه‌وره‌ها روو له‌و لایه‌نانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در جه‌ختیكرده‌وه‌، "لێره‌وه‌ ده‌ڵێم: با به‌س بێت هه‌ڕشه‌ و شه‌ڕفرۆشییه‌كانتان، ئێمه‌ جارێكی دیكه‌ وڵات راده‌ستی گه‌نده‌ڵكاران ناكه‌ینه‌وه‌ و نیشتمانه‌كه‌مان به‌وانه‌ی ئه‌ودیو سنوور نافرۆشین".

سه‌در له‌ تویته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "زۆربه‌ی گه‌ل له‌گه‌ڵ حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانییه‌، ئێمه‌ش ده‌سته‌وه‌ستان نابین و رێگه‌ش به‌ تیرۆرستان و گه‌نده‌ڵكاران ناده‌ین فه‌رمانڕه‌وایی ئێمه‌ بكه‌ن و مێژووه‌كه‌مان به‌ هێز و ئارامگرتن و دانبه‌خۆداگرتن ده‌وڵه‌مه‌نده‌".

H.B