مێزە درێژەکەی پوتین دەنگدەداتەوە
بە ڤیدیۆ.. چیرۆکی پشت مێزە درێژەکەی پوتین
K24 - هەولێر:
لەدوای دیداری ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لەسەر مێزەیەکی درێژ لە کۆشکی کرملین بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرباسیان بووە مێزە درێژەکە.
کاردانەوەکان بەهۆی درێژی مێزەکە و لەیەکتردووربوونی هەردوو سەرۆک و باسکردنی قەیرانی ئۆکرانیا بوو.
کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی ئیتاڵیاش دروستکردنی مێزەکە دەکاتە موڵکی خۆی.
کۆمپانیای ئۆک (OAK) وێنەی مێزەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ئێمە دروستمان کردووە و درێژییەکی شەش مەترە و هیواخوازە کۆبوونەوەکەی سەر مێزەکە ئاشتی لێبکەوێتەوە.
بەقسەی زیناتۆ پۆلۆنیا بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کارگێڕی کۆمانیا ئیتاڵییەکە ساڵی 1995 مێزەکەیان دروستکردووە و دەڵێت لەگەڵ کۆمەڵێک کەلوپەلی دیکە کە بۆ کۆشکی کرملینیان ئامادەکردووە.
هەرچەندە کەسێکی ئیسپانیش بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو مێزەکەی دروستکردووە، بەڵام پۆلۆنیا دەڵێت ئێمە دروستمان کردووە و بەڵەگەکانی دەخاتەڕوو.
لەسەر مێزەکە پوتین لەگەڵ سەرۆکی ئێران و راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە و دەگوترێت بەهۆی ئەوەی ماکرۆن و شولتز رازی نەبوون لە رووسیا تێستی کۆرۆنا بکەن، کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو مێزە ئەنجام دراوە.
کۆمپانیاکە پەنجاکانی سەدەی رابردوو دامەزراوە و پێشتریش سەدام حوسێنی دیکتاتۆری عێراق و موعەمەر قەزافی سەرۆکی لیبیا کۆمەڵێک کەلوپەلیان لێکڕیون.
بارەگای کۆمپانیاکە لەسەر گۆلی کۆمۆیە، کە بە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ناسراوە و زۆرینەی سەرمایەدار و ئەکتەرە ناودارەکان لەو ناوچەیە کاتەکانیان بەسەر دەبەن.