"ئەگەر رووسیا ئۆکرانیا داگیر بکات خاڵی لاوازی رووسیا بە ئامانج دەگرین"
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا باس لە خاڵی لاوازی رووسیا دەکات
K24 - هەولێر:
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا "ئارسولا ڤۆن دێر لاین" لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا لەئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە گوتی"دەوڵەتانی رۆژئاوا ئامادەن خاڵی لاوازی رووسیا بە ئامانج بگرن ئەگەر ئۆکرانیا داگیر بکات."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "ARD TV" گوتی "لەبارەی سەپاندنی سزای ئابووری نوێ گفتوگۆ دەکەین."
گوتیشی "بەهەموو هێزمانەوە وەڵامی رووسیا دەدەینەوە، ئەوەش لە رێگەی سزای دارایی و ئابووریەوە دەبێت، چونکە ئابووری لاوازترین خاڵی رووسیایە."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی کۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، بیرۆکە مەترسیدارەکەی کرێملین کە لە رابردوویەکی تاریکەوە سەرچاوەی گرتووە، لەوانەیە داهاتووی رووسیا لەناوببات.
ڤۆن دێر لاین ئاماژەی بەوەشدا کە سنووردارکردنی ئابووری کاریگەری دەبێت لەسەر "هەموو کەرەستە دروستکراوەکان" کە مۆسکۆ پێویستی پێیەتی بۆ نوێکردنەوە و هەمەچەشنەکردنی ئابوورییەکەی.
سەرچاوە: AP
H.H