گەمارۆی سەربازیی لەسەر گوندێکی کەرکووک هەڵگیرا
وتاربێژی گوندەکە: کوردستان24 رۆڵێکی گرنگی بینی لە گەیاندنی پەیامی ئەو خەڵکە مەزڵومە
K24 – هەولێر
دوای نزیکەی چوار مانگ، گەمارۆدانی گوندێکی سنووری کەرکووک لەلایەن هێزە سەربازییەکانی عێراق، گەمارۆکە لادرا.
بەهۆی ئەو گەمارۆ سەربازییەی لەسەر گوندی شەناغە، رێگری لە جووتیاران دەکرا، زەوییەکانیان بکێڵن و کشتوکاڵ بکەن، ئەمەش خەڵکی گوندەکەی بە تەواوی بێزار کردبوو.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند: "خەڵکی گوندەکە دڵخۆشن بە هەڵگرتنی گەمارۆی سەربازیی و بەو بۆنەوە ئەمڕۆ نیوەڕۆ خوانێکیان رێکخستووە".
مامۆستا سابیر حەسەن، وتاربێژ و پێشنوێژخوێنی گوندی شنەناغە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان، رایگەیاند: "کوردستان24 رۆڵێکی گەورەی بینی لە گەیاندنی پەیامی ئەو خەڵکە مەزڵومە، دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاوکارمان بوون، بەتایبەتی د. شاخەوان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ خەڵکەکەمان زۆر دڵخۆشن بە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ سەربازییەی لەسەر گوندەکەمان".
سەبارەت بە تەعریب و کێشەی زەوی و زار لە گوندەکە، گوتی: "ئەوکاتە کێشەکان بنبڕ دەبن، کە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە، دەبێ جارێکی دیکە موڵکەکان تاپۆ بکرێنەوە و بدرێنەوە خاوەنەکانیان".
هاووڵاتییەکی دیکەی دانێشتووی گوندەکە بح کوردستان24 دوا و رایگەیاند: "دەستخۆشی لە تیمی کوردستان24 دەکەین، هەمووکات لەگەڵمان بوونە، هەروەها سوپاسگوزاری هەموو ئەو کەسانەین کە هاوکارمان بوون".
گوتیشی: "داوا دەکەین بارودۆخەکەمان باشتر بکرێت، زەوییەکان بدرێنەوە بە خاوەنەکانیان، چونکە لەسەر دەمت رژێمی بەعس بە بڕیاری سەدام حوسێن ئەو زەویانە لە خەڵک زەوتکراون، دەمانەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن".