به چاودێریی مەسرور بارزانی رێوڕەسمی یادكردنەوەی 69 ساڵەی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بەڕێوەچوو
ساسان عەونی: حكومەت كار دەكات بڕوانامەكان لەگەڵ پێویستییەكانی بازاڕدا هاوسەنگ بن و هەلیكار بۆ دەرچووان دروست بكات

K24- ههولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی شوباتی 2022 به چاودێریی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، رێوڕەسمی یادكردنەوەی 69 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بەڕێوەچوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتییە، بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت بەشداری رێوڕەسمەكەی كرد و هەر بەم بۆنەیەوە گوتارێكی پێشكەش كرد.
لە رێوڕەسمەكەدا ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتیی پارتی و پارێزگاری هەولێر و پەرلەمانتاران و قوتابیان و بەرپرسانی دیكهی حكومی و حزبی بەشداربوون.
ساسان عەونی لە سەرەتای گوتارەكەیدا رایگەیاند، جێی شانازییە بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی ئەم بۆنە گرنگە دەبم و بەناوی سەرۆكی حكومەتیشەوە سڵاو و پیرۆزباییەكی گەرم بە قوتابیانی كوردستان و تەواوی ئەندامانی یەكێتیی قوتابیان دەگەیەنم. بۆ منیش جێگەی شانازییە كە پێشتر وەك ئەندامێك و دواتر سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووم.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی دیكهی گوتارەكەیدا گوتی: بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە گرنگترین ئەو سێكتەرانەن، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زۆری پێدەدات، هەر لە رێباز و میتۆدی خوێندن تا بینای باخچە، قوتابخانە، كۆلیژ، پەیمانگەكان و دابینكردنی مامۆستا و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستییان، چاپكردنی كتێب، دابینكردنی كەرەستەكانی فێربوون، تاقیگەكان، كەش و ژیانی نێو بەشە ناوخۆییەكان، ئەوانە هەموویان لە ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەجێندای كاری سەرۆكی حكومەتدا لە ریزبەندی پێشەوەن.
لەبارەی هەوڵ و كارەكانی مەسرور بارزانی بۆ بایەخدان بە بواری پەروەردە، ساسان عەونی لە گوتارەكەیدا گوتی: لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا حكومەت بڕیاری بەهەمیشەییكردنی ژمارەیەكی زۆری مامۆستای گرێبەستی دا و سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكانی دامەزراند، سەرەڕای قەیرانی داراییش، بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار وەك پێشینەی مانگانە و چارەسەركردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگەكان تەرخان كرد، كە ئەمانە هەموویان سەلێمنەری ئەوەن، سەرۆكی حكومەت كەرتی پەروەردە و بایەخدان بە خوێندنی باڵا و دۆخی قوتابیانی خستووەتە پێشینەی كارهكانیهوه و لەناو ئەو دۆخە قەیراناوییەدا دەیان قوتابخانە و ناوەندی خوێندن دروستكراون و نۆژەنكراونەتەوە.
لە بەشێكی دیكهی گوتارەكەیدا لەبارەی گرنگیدانی حكومەت بە پسپۆڕیەتی خوێندن و پێویستییەكانی بازاڕ بە بڕوانامە و رەخساندنی هەلیكار، وەزیری شارەوانی رایگەیاند، حكومەت كار دەكات و خواستی ئەوەی ههیه، باڵانسی پسپۆڕیی قوتابیان و بڕوانامەكان لەگەڵ پێویستییەكانی بازاڕدا هاوسەنگ بێت و دەرفەتی كار بۆ دەرچووان بڕهخسێنێت و بەردەوام پشتگیری لەو پرۆژانە دەكات، كە دەستی كاری ناوخۆیی بەكار دەخەن و دەرفەتی كاركردن بۆ دەرچووان دەڕەخسێنن.
لەبارەی ئامانجەكانی حكومەت بۆ بایەخدان بە كەرتی تایبەت لە بواری پەروەردە، ساسان عەونی گوتی: ئامانجێكی دیكهی حكومەت كە لەم كابینەیەدا زۆر جەختی لەسەر كراوەتەوە، هەماهەنگیی دامودەزگا حكومییەكان و وەزارەتەكانە لەگەڵ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تێهەڵكێشكردن و سوودوەرگرتنی دەزگا حكومییەكان لە راوێژە زانستییەكانی زانكۆكان و هاندانی قوتابیانی زانكۆ بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەكانیان لە ئاراستەی پێویستییەكانی فەرمانگەكانی حكومەت. هەروەها حكومەت بەردەوام پاڵپشتە بۆ كەرتی تایبەت لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە لە ژمارەی وەرگرتنی قوتابیان، كە كەرتی گشتی و زانكۆ حكومییەكان ناتوانن لەخۆیان بگرن، ئەمەش بە پرەنسیپ و چاودێری و كوالێتی بەرزی زانستی و كارگێڕی دەكات.
H.B