ئاگاداری ئۆتۆمبێله‌كانتان بن
بزانه چۆن ده‌دزرێن
K24 – هه‌ولێر:
له‌باره‌ی دانانی ئامێری GPS و دزینی سویچی ئۆتۆمبێله گرانبه‌هاكان، پۆلیس ئاشكراكردنی باندێكی راگه‌یاند، داواشی كرد هاووڵاتیان هۆشیار بن.
كارزان غه‌فووری، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان به كوردستان24ـی راگه‌یاند، هه‌موو ئامێرێكی پێشكه‌وتوو، ده‌كرێ بۆ باش و خراپ به‌كار بهێندریت، مه‌سه‌له‌ی GPS بۆ پرسی دیاریكردنی شوێنه‌كان به‌كار ده‌هێندرێت له‌كاتی گه‌شتكردندا، له‌كاتی هه‌ر رووداوێكیش ده‌توانرێت له رێگه‌ی GPS شوێنی ئۆتۆمبێله‌كه دیاری بكرێت.
گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌رێم ئاشكرای كرد، GPS هاوكاره بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی دزین و ونبوونی ئۆتۆمبێل بدۆزرێته‌وه. ده‌شڵێت: "باندێك له رێگه‌ی به‌كارهێنانی GPS هه‌وڵیانداوه ئۆتۆمبێلی خه‌ڵك بدزن، نابێت هاووڵاتیان كه‌مته‌رخه‌م بن".
كارزان غه‌فووری روونیكرده‌وه، نابێت هاووڵاتی كه‌مته‌رخه‌م بێت، به‌یانیان ئۆتۆمبێل به داگیرساوی جێبهێڵن، گوایه گه‌رم ده‌بێت، ماوه‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌رگا جێی ده‌هێڵن، دواتر لێی ده‌دزن.