ده‌رمانخانه‌یه‌ك له‌ شاری هه‌ولێر داخرا

ده‌ست به‌سه‌ر هه‌زاران پاكه‌ت ده‌رمانی ساخته‌ و نایاساییدا گیرا

داخستنی ده‌رمانخانه‌ی سه‌روه‌ران له‌ شاری هه‌ولێر
داخستنی ده‌رمانخانه‌ی سه‌روه‌ران له‌ شاری هه‌ولێر

K24- هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنترۆڵی ده‌رمان و لقی ھەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شیان له‌باره‌ی داخستنی ده‌رمانخانه‌ی سه‌روه‌ران له‌ شاری هه‌ولێر راگه‌یاند و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌و ده‌رمانخانه‌یه‌ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌زاران پاكه‌ت ده‌رمانی جۆراوجۆری قاچاغ و نایاساییدا گیراوه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، به‌گوێره‌ی یاسا رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌رمانخانه‌یه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر و جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، داخستنی ئه‌و ده‌رمانخانه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌رزانی نرخه‌كه‌یه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستگێڕ و ده‌رمانی نایاسایی كردووه‌ و سه‌رچاوه‌ی هاورده‌كردنی ده‌رمانه‌كانی ساخته‌ و نادیارن.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنترۆڵی جۆریی ده‌رمان:

پاش دەستکەوتنی زانیاری سەبارەت بە بوونی دەرمانێکی ساختە لە چەند دەرمانخانەیەك، لێژنەکانی چاودێری بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆلی جۆریی دەرمان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ لقی ھەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان و قایمقامیەتی قەزای ناوەندی ھەولێر بەدواداچوونیان بۆ دەرمانخانەکان کرد، لە ئەنجامدا دەرکەوت بڕێکی زۆر لە دەرمانە ساختەکە لە دەرمانخانەی سەروەران بوونی ھەیە، دوای پشکنیی دەرمانخانەکە لەلایەن لێژنەکەوە، دەرکەوت دەرمانخانەکە پڕە لە دەرمانی قاچاخ و نایاسایی، کە بڕەکەی زیاتر لە 4500 پاکەت دەرمانی جۆراوجۆر دەبێت. بۆیە دەرمانخانەکە بە پێی یاسا و رێنماییەکان رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.

بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین، داخستنی دەرمانخانەکە ھیچ پەیوەندیەکی بە ھەرزانی نرخەوە نیە، بەڵکو ھەرزانی نرخی دەرمانەکانی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەکردنی دەرمانخانەکە لەگەڵ دەستگێڕ و دەرمانی نایاسایی و سەرچاوە نادیار و ساختە.

شایەنی باسە دەرمانخانەکە پێشووتریش لەسەر مامەڵەکردن بە دەرمانی میری (MOH) کە کڕین و فرۆشتنی قەدەغەیە، داخراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.

لە کۆتایدا ھاوولاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، کە ئێمە خەمخۆری جددی تەندروستی ئەوانین، بۆیە بەدواداچوونەکانمان بەردەوامیان دەبێت و ناھێلین رای گشتی بە بیانووی جۆراوجۆر و ھەرزانی بەلاڕیدا ببردرێت.

روونکردنەوەی ھاوبەشی کوالێتی کۆنتڕۆلی دەرمان و لقی ھەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان 24/2/2022

H.B

Fly Erbil Advertisment