زياتر له‌ 1400 هاووڵاتى له‌ ژێر ده‌ستى داعشه‌وه‌ خۆيان راده‌ستى پێشمه‌رگه‌ كرد

دوای گەیشتنیان بۆ لای ھێزەکانی پێشمەرگە سەرجەمیان بۆ ماوەیەکی کاتی لە کەمپی قوشتەپە نیشتەجێکران

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/be06a64d-caca-418a-bca1-d28d008ec72a/darbazbwni%20hawlatyan%20lazher%20dasti%20dahsh.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

زیاتر لە 1400 ھاووڵاتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش خۆیان رادەستی ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور کردووە، دوای گەیشتنیان بۆ لای ھێزەکانی پێشمەرگە سەرجەمیان بۆ ماوەیەکی کاتی لە کەمپی قوشتەپە نیشتەجێکران و دوای لێکۆڵینەوە ئازادن لە کەمپەکە بمێننەوە یاخود دەتوانن بۆ نیشتەجێبوون شوێنێک لە پارێزگای کەرکووک ھەڵبژێرن.

ئه‌و ھاووڵاتیانە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن نزیکەی سێ کاتژمێر بەپیاده‌ رۆیشتوون، تا خۆیان گه‌یاندووته‌ سه‌نگه‌ره‌كانی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور.

له‌و باره‌يه‌وه‌ يه‌كێك له‌و هاووڵاتيانه‌ بۆ كوردستان 24 گوتى: "هەر لە بەیانییەوە تاکو نیوەرۆ دەوریان دەداین، هەرکە دەردەکەوتین قەناس و ئاربی جییان دەگرتە خەڵک، ماڵەکەیان بەسەردا روخاندین، دواتر داومان لێکردن وازمان لێبینن خێزان و ماڵ و منداڵ لەناودایە، لە کۆتاییدا لە دۆڵێکەوە رامان کرد".

زۆرێک لە ژن و منداڵ و پیاوەکان، لە کاتی خۆ دەربازکردنیان بەر دەستڕێژی گولـله‌ی چەکدارانی داعش کەوتوون، بەشێکیان بە گولەی قەناس بریندار بوونە، پێشمەرگە ھەموویانی تیمار کردووە، تاوەکو گەیشتوونەتە کەمپەکە، حاجیە خەڵەف ھەرچەندە کچەکەی بە دوو گولەی چەکدارانی داعش بریندار بووە، لە ھەمانکاتدا دڵخۆشە بە کەمترین زیان لە دەستی داعش رزگاریان بووە.

حاجیە خەڵەف، يه‌كێكه‌ له‌و هاووڵاتيانه‌ى له‌ ده‌ستى داعش رايانكردووه‌ و ئه‌و گوتى: "لەدەست داعش رامان کردووە، خوا لەناویان ببات، هەموو شتێکمان بەجێهێشت، زۆریان ئازار دەداین و لێیان دەداین، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە نەمان دەزانی ئێستا بارودۆخمان چۆن دەبوو".

ئەو ھاوڵاتیانەی ژێر دەسەڵاتی داعش کاتێک خۆیان رادەستی ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەنەوە، بێ لێکۆڵینەوە ناتوانن بۆ ھیچ شوێنێکی دیکە بڕۆن، ھێزەکانی پێشمەرگە باس لەوە دەکەن، زۆر جار کۆمەڵێک سیخوری داعش لەگەڵ ھاووڵاتییە ھەڵاتووەکان دەرفەت وەردەگرن بگەنە پێشمەرگە، بەڵام بەھۆی وریایی ھێزەکانی پێشمەرگە نەیانتوانیوە بە مەرامەکانیان بگەن و دەستگیر کراون.