ئەو چەکە ئابووریانە چین رووسیا لە دژی راكابهرهكانی بەکاریاندههێنێت؟

K24 - ههولێر:
ههشت ساڵ بهر له ئێستا سەرەتای سەپاندنی سزاکانی رۆژئاوا بوو بەسەر رووسیا، کاتێک ئەمهریکا رایگهیاند، گفتوگۆکانی بازرگانی و وەبەرهێنانیان دژی مۆسکۆ راگرت، ئەوەش وەک هەنگاوێك بۆ بەرپرچدانەوەی کۆنترۆڵکردنی نیمچە دوورگەی کریمیا لەلایەن رووسیاوە.
دوای سێی مانگی ئاداری ساڵی 2014 چەندین سزای دیکە لەلایەن هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی وەک ئەوروپا و بەریتانیا بەسەر رووسیا سەپێندران. رووسیا بەهەمان شێوە سزای بەسەریان سەپاندنەوە. ئەو سزایانەش بۆ ماوەی هەشت ساڵی رابردوو تاوەکو بەر لە بە سەربەخۆ ناساندنی هەردوو کۆماری "دۆنێتیسک" و "لۆگانێسک" لە هەفتەی رابردوو بەردوام بوو.
وەڵامدانەوەی سزاکان لە نێوان رووسیا و رۆژئاوا
به گوێرهی ئهو ئامارانهی تۆماركراون لهسهر سزاکانی نێوان رووسیا و رۆژئاوا، تا ئێستا رووسیا بهرگری له ئابوورییهكهی كردووه و توانیویهتی پهره به پێشڕهوییهكانی بدات، ههرچهنده هێشتا سزای دیكه چاوهڕێی مۆسكۆ دهكات.
77 سزا بەسەر رووسیا سهپێنراوه:
• رێگری لە گەشتی کەسایەتییەکان
• راگرتنی گفتوگۆ بازرگانییەکان
• هەڵوەشاندنەوەی لوتکە دیپلۆماسییەکان
• رێگری لە کڕینی بەرهەمەکان
• قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەك
• بەربەست بۆ مامەڵەی هەندێك کۆمپانیا
• دەرکردنی دیپلۆماتەکان
• کەمکردنەوەی ژمارەی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکان
بە هەمان شێوە رووسیا له كاردانهوهی سزاكانی سهر وڵاتهكهی، (9) سزای بەسەر وڵاتانی رۆژئاوا سەپاند، بهڵام كاریگهری نهبووه.
جیاوازی نێوان پەرچەکرداری ئەمهریکا و ئەوروپا دژی رووسیا
دژایەتی یەکێتی سۆڤیەت و دواتر كۆماری رووسیا، بە درێژایی چەندین دەیەی رابردوو خاڵی هاوبەش بووە لە نێوان هاوپەیمانەکانی رۆژئاوا، بەڵام توانا و بوێری رووبەڕووبوونەوەی رووسیا لە نێوان هاوپەیمانەکان وەک یەک نەبووە، بۆ نموونە، بەرلین نەیتوانیوە هاوشێوەی وڵاتانی دیکە دژی مۆسکۆ بوەستێتەوە، چونکە لە نیوەی هاوردەی گازی پشتی بە گازی رووسی بەستووە.
بە پێچەوانەوە، لەندەن لە توانایدا بووە هەڕەشە لە رووسیا بکات و رووبەڕووی بێتەوە، چونکە بەشێوەیەکی ئەوتۆ پشتی بە هاوردەی کاڵای رووسی نەبەستووە. بۆیە ئەگەر هاوپەیمانەکانی رۆژئاوا بە یەکەوە سزای قورس بەسەر رووسیا نهسەپێنن و سزای نهدەن، زیان بە هاوپەیمانێتییهکهیان دەکەوێت، کە پەیوەندی ئابووری قووڵیان لەگەڵ مۆسکۆ هەیە.
ئەو هێزە ئابوورییانەی رکابەران لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا خاوەنداری دەکەن، وهكو چهكێك بهرامبهر به ئهمهریكا و یهكێتی ئهوروپا بهكارهێنراوه، رووسیا پشتی به ئابوورییهكهی خۆی بهستووه و ئابوورییهكهی خۆی ههمهچهن كردووه.
رووسیا چی لەبەردەستە؟
• پێشەنگی رووسیا تەنیا بۆری گاز نییە، کە لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە، بەڵکو زۆر لەوە زیاترە.
• رووسیا خاوەنداری چەندین کانزا و ماددەی خامی پیشەسازی دەکات، کە لە پیشەسازی قورس و تەکنەلۆژیا بەکاردەهێندرێن، بۆیە کاریگەری لەسەر نرخ و هەناردەکردنیان دەبێت، لەوانەش: پلاتنیۆنم، بلادیۆم، نیکڵ، مس، ئەلەمنیۆم.
• توانای کاریگەری لەسەر نرخ و خستنەڕووی نەوت، کە لە رێگەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسەوە رووسیا دەتوانێت هەژموونی خۆی لەسەر بەرهەمهێنانی وڵاتانی دیکەش بسەپێنێت و زیان بە هەناردەکردنی نەوت بگەیەنێت.
• توانای دابینکردن و خستنەڕوو و کاریگەری لەسەر نرخی گەنم و دانەوێڵەی هەیە، چونکە (9%)ی بەرهەمهێنانی گەنمی جیهانی پێکهێناوە و گرنگترین بەندەرەکانی هەناردەکردنی گەنمی لەبەردەستە.
• توانا و کاریگەری لەسەر نرخ و خستنەڕووی گرێبەستەکانی گازی سروشتی هەیە، بە تایبەت نرخەکانی گرێبەستی گازی سروشتی بەهۆی قەیرانی ئۆکرانیا و گۆڕانی کەشوهەوا و پێشبینییەکان بۆ سەختی زستان 4 بۆ 5 هێندە بووە.
• یەدەگی وڵاتەکە لە زێڕ و دراوی قورس نزیکەی 630 ملیار دۆلارە.
ئەمهریکا چی لەبەردەستە؟
هەریەکە لە واشنتن و برۆکسل بەم لۆژیکە مامەڵە لەگەڵ رووسیا دەکەن: رووسیا خاوەنداری ئەو بڕە زۆرە ماددە خاوە زیندووە دەکات و بەڕێوەیدەبات، کە لە رێگەیەوە ملیاران دۆلار داهات بەدەستدەهێنێت، وڵاتانی رۆژئاواش هاوردەی دەکەن و لە پیشەسازییەکانیان دەیکەن بە شتێك، کە بەها و واتایەک دەبەخشێت، بهڵام رێگهی جیاواز بۆ سزادانی رووسیا بهكاردههێنن.
یەکەم: سیستەمی SWIFT بۆ دارایی
دوورخستنەوەی رووسیا لە سیستەمی سویفت، تاوەکو بانکی ناوەندی رووسیا بێبەش بێت لە مامەڵە بازرگانییەکان و نەتوانێت دەستی بە دۆلاری پێویست بگات، هەروەک چۆن لە 2012 ئێران لەو سیستەمە بێبەشکرا. ئەم سیستەمە 11 هەزار بانکی زیاتر لە 200 وڵاتی جیهان بە یەکەوە گرێدەدات، کە 300 بانکی رووسیاش لە خۆدەگرێت.
بەمەش رووسیا بێبەش دەبێت لە مامەڵە دەرەکییەکان و دۆلاری پێویست بۆ بانکی ناوەندی ناگەڕێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمهریکا هەژموونی خۆی بۆ بێبەشکردنی رووسیا لەم سیستەمە بەکاردەهێنێت و کە لەو تۆڕە دوورخرایەوە.
دووەم: گواستەوەی تەکنەلۆژیای رۆژئاوا
قەدەغەکردنی فرۆشتن و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای ئەمهریکا و رۆژئاوا بەشێوەیەکی گشتی بۆ رووسیا، بە تایبەت لە پیشەسازی نەوت و گاز، کە ئەو تەکنەلۆژیایە هاوکاری رووسیا دەکات لە کەمکردنەوەی تێچوونی بەدواداگەڕان و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان.
هەریەکە لە ژاپۆن و ئوستراڵیاش بەشدارن لە سەپاندنی سزا بەسەر رووسیا، کە ئەو دوو وڵاتەش خاوەنداری تەکنەلۆژیای گەورە و گرنگ دەکەن.
سێیەم: گەیشتن بە بازاڕی قەرزەکان
بەریتانیا توێژینەوە دەکات، بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی لە بازاڕەکانی قەرز بەکاربهێنیت، کە مۆسکۆ پێویستی پێیەتی تاوەکو پارەدارکردنی کۆمپانیاکانی کۆبکاتەوە و پشکی هەموو کۆمپانیاکانی رووسیا و قەواڵە رووسییەکان لە بازاڕەکانی لەندەن قەدەغە بکرێن.
39 کۆمپانیای رووسی نزیکەی 44 ملیار دۆلاریان لە رێگەی بازاڕی قەواڵەکانی لەندەن و دەرکردنی پشکەکانیان لەو بازاڕە کۆکردووەتەوە، بە جۆرێک بازاڕی لەندەن بە دەروازەیەکی گرنگی وەبەرهینانی کۆمپانیاکانی رووسیا لە 2005ـەوە دادەندرێت.
بە قەدەغکردنی گەیشتن بە بازاڕی قەواڵەکان و بەربەست دروستکردن بۆ پشکی بۆرسەکان، زیانی گەورە بە کۆمپانیاکانی رووسیا دەکەوێت، رەنگە پشکی بەشێک لە کۆمپانیاکانی رووسیاش لە بازاڕە داراییەکانی ئەوروپا لابدرێن، ئەمهش زیانی گەورە بە کۆمپانیاکان و ناوبانگی ئابووری رووسیا دەگەیەنێت.
لەو هێڵکارییەدا دەردەکەوێت، کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا رووسیا هەوڵیداوە سەرچاوەکانی داهاتی فرۆشتنی گاز هەمەچەشن بکات و تەنیا پشت بازاڕی ئەوروپا نەبەستێت. بە جۆرێک ئێستا چینیش بووەتە کڕیارێکی سەرەکی گازی سروشتی رووسیا، پشکی کڕینی لە 0%ـهوه بۆ 4% بەرزکردووەتەوە.