نرخی برنج گەیشتە بەرزترین ئاستی 16 ساڵی رابردوو
لە مانگی ئایاردا نرخی برنجی ئاسیایی بە رێژەی 20% بەرزبووەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی هەڵکشانی مانگانەیە لە ساڵی 2008ـەوە. ئەم بازدانە نرخە کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکانەوە دروست بووە، ئاسایشی خۆراکی زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی جیهانی خستووەتە ژێر مەترسییەکی جیدییەوە.
بازاڕەکانی کاڵا بنەڕەتییەکان لە مانگی ئایاری رابردوو برنجی ئاسیایی بازدانێکی مێژوویی بەخۆوە بینیوە. ئەم بەرزبوونەوەیە دەرەنجامی یەکگرتنی دوو هۆکاری سەرەکییە: یەکەمیان مەترسییەکانی کەشوهەوا پەیوەست بە دیاردەی "ئێل نینۆ" لە ئاسیا، دووەمیشیان گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان داخستنی گەرووی هورمز، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پەینی نایترۆجینی بە رێژەی 50% و دوو هێندبوونی تێچووی سووتەمەنی بۆ سیستەمی ئاودێری.
فشارەکان لە کێڵگەکانەوە بۆ بۆرسەی شیکاگۆ
ئەم شەپۆڵی گرانبوونە تەنیا لە کێڵگەکانی تایلاند و ڤیێتنام نەمایەوە، بەڵکو گەیشتە گرێبەستە دواخراوەکان لە بۆرسەی شیکاگۆ و لەوێش نرخەکان بە رێژەی 15% بەرزبوونەوە. بەهۆی ئەم دۆخە، زۆرێک لە جووتیاران ناچار بوون رووبەری چاندنی برنج کەم بکەنەوە، ئەمەش هەڕەشە لە بڕی خستنەڕووی ئەم بەرهەمە ستراتیژییە لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەکات.
رای پسپۆڕان؛ قەیرانە یان مەترسی؟
دکتۆر عیمادەدین ئەلموسەببح، پسپۆڕی ئابووری، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "سکای نیوز" ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی ئێستا دەبینرێت "نیشانەکانی مەترسییە، نەک قەیرانێکی تەواو". ئەو پێی وایە توانای بازاڕەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم شۆکە بەستراوەتەوە بە نەرمونیانی تۆڕە بازرگانییەکان و یەدەگی ستراتیژی وڵاتان.
لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر عەبدوڵڵا ئەلشناوی، پسپۆڕی ئابووری، هۆشداری دەدات کە رەنگە بۆ یەکەمجار لە دوو دەیەی رابردوودا، بەرهەمهێنانی جیهانیی برنج لە وەرزی 2026/2027 کەم بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی خۆراک بە رێژەی 12% بۆ 18% تا کۆتایی ساڵی 2026.
گەرووی هورمز و تێچووی بەرهەمهێنان
داخستنی بەشێکی گەرووی هورمز کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر تێچووی چاندنی برنج هەبووە. بەگوێرەی داتاکانی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی برنج، نرخی پەین لە تایلاند و فلیپین و کەمبۆدیا لە نێوان 40% بۆ 50% زیادیکردووە. تەران ڤان بی بای، جووتیارێکی ڤیێتنامییە و تەمەنی 60 ساڵە، دەڵێت: "بەهۆی گرانیی پەین و گەرمیی کەشوهەوا، خولێکی تەواوی چاندنم هەڵوەشاندەوە، چونکە بەردەوامبوون لەم کارە زیانی ئابووری زۆری هەبوو".
دووبارە داڕشتنەوەی ئاسایشی خۆراک
ئەم گۆڕانکارییانە وای کردووە چەمکی ئاسایشی خۆراک دووبارە دابڕێژرێتەوە. ئێستا تەنیا بوونی خۆراک بەس نییە، بەڵکو توانای وڵاتان بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بووەتە پێوەر.
پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، لەسەر چوار تەوەر بکرێت:
- پەرەپێدانی جۆرە برنجێک کە بەرگەی وشکەساڵی بگرێت.
- دابینکردنی پاڵپشتی دارایی راستەوخۆ بۆ جووتیارانی بچووک.
- دۆزینەوەی رێڕەوی بازرگانی بەدیل بۆ تێپەڕاندن پەککەوتنی گەرووە ئاوییەکان.
- گۆڕینی سیستەمی ئاودێری لە دیزڵەوە بۆ وزەی خۆر و کارەبا. ئەم ئاماژانە دەریدەخەن کە برنج چیدیکە تەنیا بەرهەمێکی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو بووەتە کارتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی جیهانی هەیە.