بایدن: مێژوو دەنووسێت کە پوتن رووسیای لاواز کرد

"جیهان پوتن بە تاوانباری دۆخی ئۆکرانیا دەزانێت"
ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - واشنتن:

وەکوو نەریتی ساڵانە، کاتژمێر 9ی شەوی سێشەممە، 1ی مارس، سەرۆک بایدن وتاری ساڵانەی خۆی لە نێو ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی هەر دوو حیزبی کۆماری و دێموکرات لە کۆنگرێس پێشکەش کرد. هاوکات باڵوێزی ئۆکرانیا لە ئەمریکا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.

سەرۆک قسەکانی بە ستایش و پێزانیین بۆ خەبات و خۆراگری خەڵکی ئۆکرنیا دەست پێکرد و لەم بەستێنەدا گوتی: ''ئێمە بە درێژایی مێژوو ئەو وانەیە فێر بووین، کاتێک ملهوڕەکان باجی دەستدرێژیەکانیان نادەن، دەبنە هۆکاری بێسەروبەری پتر. ئەوان درێژە بە کردەوەکانیان دەدەن و بەم جۆرە مەترسی و تێچووی ئەو هەڕەشانەش لەسەر ئەمریکاو جیهان پتر دەبێ''.

سەرۆک لە درێژەدا وتی: رێکخراوی ناتۆ، پاش شەری دووهەمی جیهانی و بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە ئەوروپا پاش شەڕی دووهەمی جیهانی هاتۆتە ئاراوە کە ئەمریکا وێڕای 29 وڵاتی دیکە تێیدا ئەندامن''.

سەرۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا هێرشی کردە سەرۆک  ڤلادمیر پوتن سەرۆکی رووسیا و بەوەی تاوانبار کرد کە ناوبراو پێی وابوە بە هەڵگیرسانی ئەو شەڕە لە دژی ئۆکرانیا دەتوانێت یەکریزی خەڵکی ئەمریکا تێکبدات و ناتۆ و ئەمریکا ناتوانن لە بەرانبەریدا بوەستن.

سەربازانی ناتۆ
سەربازانی ناتۆ

سەرۆک لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە پوتین لە لێکدانەوەکانیدا بەهەڵەدا چووە و ئەمڕۆ ئەمریکا و هاوبەشە ئەوروپاییەکانی یەکڕیزن و پێکەوە کار دەکەن تا بەربەست لەبەردەمیدا ساز بکەن. سەرۆک رایگەیاند ئەمڕۆ جیهان پووتن بە تاوانباری دۆخی ئۆکرانیا دەزانێت.

بایدن وێڕای پێداگری لەسەر پشتیوانی کردنی گەلی ئۆکرنیا، بەڵام دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا لە قەیرانی ئۆکرانیادا دەستێوەردانی چەکداری ناکات.

بەشی دووهەمی وتاری سەرۆک ئاوڕدانەوە بۆسەر بەرنامە و سیاسەتە نێوخۆییەکانی بوو.

لەم بەستەنەدا، بایدن پەرژایە سەر ئەوەی کە دەبێت بەرهەمهێنان لە ئەمریکا پەرە پێبدرێ و داوای کرد خەڵک پتر شتومەکی ئەمریکایی بکرن. هاوکات بۆ داشکانی ئاوسانی ئابووری باسی لەهەوڵدان بۆ بوژانەوەی بازارو رەخساندنی هەلی کار کرد و داوای کرد دەسمایەدارانی ئەمریکایی سەرمایەکانیان لە نێوخۆی ئەمریکا وەگەڕ بخەن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا بایدن، باسی لە کاریگەرییەکانی کۆرۆناو کرد و لەم پێوەندیەدا وێڕای ئاماژەدان بە بردنەسەرێی رێژەی مووچە و حەقدەست، موژدەی خزمەتگوزاری باشتر بۆ نەخۆش و بەساڵاچوان و رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەن و کوشەندەکانیدا کرد.

لە بەرانبەردا کیم رینولدەز، فەرمانداری ولایەتی ئایووا، لە پلەی نوێنەری کۆمارییەکان، رەخنەی لە قسەکانی سەرۆک گرت. نوێنەری کۆمارییەکانی جەوهەری وڵامەکەی بۆ وتاری سەرۆک لەسەر ئەوە چڕ کردبوە و کە ئەمریکا لە ئاستی جیهانی دا لاواز بووە و کشانەوەی سوپای ئەمریکای لە ئەفغانستان بە هەڵەیەکی ئەوتۆ ناوبرد کە دوژمنانی ئەمریکای بێچاوورووتر کردوە.

هاوکات باسی لە دۆخی خراپی ئابووری ئەمریکا کرد و لەم بەستێنەدا ئاماژەی بە رێژەی هەڵکشانی بێکاری و ئاوسانی ئابووری دا و دژی سیاسەتی بایدن لە بواری کۆچبەریشدا وەستایەوە.