بایدن هۆشداری دهداته چین
"بە ئامانجکردنی شوێنه مەدەنییەکان بە ئەنقەست تاوانی جەنگە"

K24- ههولێر:
وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا، ئاشکرای دهكات، ھاوڕایە لەگەڵ ئەوەی پوتن لە ئۆکرانیا تاوانی جەنگی ئەنجامداوە، راشیگەیاند پسپۆڕانی ئەمهریکا لە ھەوڵی بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەگەری ئهنجامدانی تاوانەکانی جەنگن لەلایەن رووسیاوە لە ئۆکرانیا، بایدنیش له حاڵی پشتگیری كردنی پهكیین له مۆسكۆ هۆشداری دهدات.
ئهنتۆنی بلینکن، وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا له كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگهیاند، بۆ ئەوەی بزانرێت کە باڵەخانهی ماریۆپۆل منداڵی تێدایە بە پیتی گەورە و بە زمانی رووسی لە بەردەم شانۆکە ئهوه نوسراوە، بەڵام ھێزەکانی رووسیا، بەبێ گوێدانه ئهمه ھێرشیان بۆسەر باڵەخانەکە ئەنجامداوە.
بلینكن گوتی: "بە ئامانجکردنی شوێنه مەدەنییەکان بە ئەنقەست تاوانی جەنگە".
وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا گوتیشی: "پسپۆڕانمان سەرقاڵی ھەڵسەنگاندن و بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگن لە ئۆکرانیا".
ئهنتۆنی بلینکن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ھەڵوێستی چین لەبارهی جهنگی ئۆکرانیا، رایگەیاند، دەبێت چین کاریگەرییەکانی لەسەر پوتین بەکاربھێنێت و بەرپرسیارێتییەکانی لە بەرگریکردن لە مەرج و پرهنسیپە نێودەوڵەتییەکان کە بانگەشەی پاڵپشتیکردنی دەکات، بەجێبەگەیهنێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا جهختی لهوه كردهوه، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمهریکا، لەگەڵ سەرۆکی چین، شی جینپینگ قسە دەکات و جارێكی دیكه بە روونی ھۆشداریی بە چین دهدات کە ھەر جۆرە ھەنگاوێکی بۆ پاڵپشتیکردنی شەڕانگێزیی رووسیا، ئەوا ئەو کارەی باجی دەبێت و ھیچ دوودڵ نابین لەوهی كه باجەکەی بدات.