دەم پارتی بۆ ئۆزگور ئۆزەل: نابێت پڕۆسەی ئاشتی بۆ دەستکەوتی سیاسی بقۆزرێتەوە

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی، هەڵوێستی پارتەکەی لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان، پڕۆسەی ئاشتی، بڕیارەکەی ئۆزگور ئۆزەل بۆ بەشدارینەکردن لە کۆمیسیۆنی چاودێری، سزای قەدەغەکردنی سیاسەت لەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و دۆخی زیندانیانی نەخۆش خستە ڕوو و جەختی کردەوە: راگرتنی ئەم شەڕەی 50 ساڵە بەردەوامە، پێویستی بە بوونی هەمووانە لەسەر مێزی گفتوگۆ.

ئایشەگوڵ دۆغان کاردانەوەی بەرامبەر بڕیارەکەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ (یەنی پارتی) نیشان دا سەبارەت بە نەناردنی ئەندام بۆ کۆمیسیۆنی چاودێری لە پەرلەمان، کە بڕیارە دوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە بە 467 دەنگ پێکبهێنرێت.

دۆغان ڕایگەیاند، سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنیا بە هەنگاوی کردەیی و متمانەبەخش بۆ بەدیموکراسیکردن دەبێت، بەڵام گۆڕینی داواکارییەکانی دیموکراسی بۆ ئامرازێکی گومان و دوورکەوتنەوە لە پڕۆسەکە، ئیرادەی کۆمەڵایەتی بۆ ئاشتی لاواز دەکات.

گوتەبێژی دەم پارتی گوتی: بۆ پارتەکەمان دووڕیانێک بە ناوی ئاشتی یان دیموکراسی بوونی نییە، ئەمانە تەواوکەری یەکترن و لە یەکتر جیانابنەوە. لێدوانەکانی سەرۆکی پارتی نوێ مەترسیی لاوازکردنی زەمینەی دیموکراسیی پڕۆسەکەی هەیە.

ئایشەگوڵ، وەبیری هێنایەوە کە ساڵی رابردوو کاتێک شاندی پەرلەمان سەردانی ئیمراڵی کرد، پارتی نوێ (کە ئەو کات ناوی جەهەپە بوو) ئەندامی بۆ شاندەکە دیاری نەکرد، هەروەها لە دەنگدان بۆ یاسای چوارچێوە 54 دەنگی نەخێر تۆمار کران و گوتی: ئێستاش بڕیاری بەشدارینەکردن لە کۆمیسیۆنی چاودێریدا وەک ئەوە دەردەکەوێت کە بڵێن با وا دەرنەکەوین کە لایەنگری پڕۆسەکەین. ئەمە دیمەنێکی باش نییە و مەترسیی دوورخستنەوەی ئەوان و گەلی کوردی لێ دەکەوێتەوە.

هاوکات داوای لە ئۆزگور ئۆزەل و پارتی نوێ کرد بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە و گوتی: لە سەرەتاوە گوتوومانە پێویستە بەر لە هەمووان ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی لەسەر مێزەکە بێت، ئەگەر نا وەک بێسیاسەتی و نەبوونی پێشنیاز بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراسی دەخوێندرێتەوە.

لەبارەی هەنگاوەکانی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنی چاودێری، گوتەبێژی دەم پارتی رەخنەی لە دیارینەکردنی خشتەیەکی کاتیی روون گرت و ئاماژەی بەوە دا، دەستەواژەی ئامادەکارییەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و ناڕوونە.

هاوکات هاوڕایی خۆی لەگەڵ قسەکانی کورتوڵموش دەربڕی، نابێت هیچ لایەنێک، چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزسیۆن، ئەم پڕۆسەیە بۆ دەستکەوتی سیاسی بقۆزێتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی دەستبەکاربوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک رێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن و پێکهاتەی دەستەی ئاشتی و بەسیاسیکردن، گوتەبێژی دەم پارتی ئاشکرای کرد، تا ئێستا ژمارەی ئەندامان و ئەو کەسانەی لە دەستەکەدا دەبن بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و ئەگەری هەیە سیاسەتمەدارانیشی تێدا بن.

هەروەها جەختی کردەوە کارەکانی ئەم دەستەیە دواکەوتووە و گوتی: چاوەڕوانین لە رۆژانی داهاتوودا کارەکانی دەست پێ بکات و دەستەکە بتوانێت بچێتە دوورگەی ئیمراڵی.

گوتیشی، پێویستە ئۆجەلانیش وەک رێکخەری دەستەی ئاشتی و بەسیاسیکردن لەم دەستەیەدا بەشدار بێت، چونکە یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییەکان بۆ هەماهەنگیکردنی ئاشتی و بەسیاسیکردن.

ئایشە گوڵ دۆغان تیشکی خستە سەر شەپۆلی دەستگیرکردن و سزاکانی هەفتەی ڕابردوو و پەسەندکردنی سزای 19 ساڵ و 6 مانگ زیندانی بۆ سدیق ئاکش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ لە

دادگای تێهەڵچوونەوە و بەردەوامیی قەییوومەکانی لەسەر شارەوانییەکانی پارتەکەی شەرمەزار کرد. هەروەها ئاماژەی بە دەستگیرکردن و ئازادکردنی سیاسەتمەدارانی کورد لە دیاربەکر و شارەکانی دیکە کرد، لەوانە سەردانی لیژنەی یاسایی پارتەکەیان بۆ لای بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) و جێگرەکەی لە ئەنقەرە.

گوتەبێژی دەم پارتی ڕەخنەی توندی لە هەڵکوتانە سەر وەشانخانەی «بەلکی» لە دیاربەکر، دەستگیرکردنی پارێزەرانی کۆمەڵەی مافناسانی هاوچەرخ لە ئیزمیر و قەدەغەکردنی گەیشتن بە میدیاکان و پرسیاری کرد: لە لایەک باسی ئاشتی و بەدیموکراسیکردن دەکرێت و لە لایەکی دیکەوە دەست بۆ برینی قووڵی کورد کە زمانە دەبرێت؛ ئەگەر گوشارەکانی سەر زمانی کوردی کۆتاییان نەیەت، چۆن پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕوون دەکەنەوە؟.

ئایشەگوڵ دۆغان باسی لە دۆخی مەترسیداری زیندانیانی نەخۆش و چالاکیی دانیشتنی بێسنووری کەسوکاری زیندانیان، مافپەروەران و پەرلەمانتاران کرد کە رۆژانە لە نێوان کاتژمێر 14:00 بۆ 16:00 لە بەردەم وەزارەتی داد بە دروشمی "با چیتر منداڵەکانمان نەمرن و تەرم لە زیندانەکانەوە نەیەنە دەرەوە" بەڕێوە دەچێت.

هاوکات ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی زیندانیی نەخۆش، تونجەر ساغڵام کرد و رایگەیاند، سەرەڕای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ئازادکردن و دواخستنی جێبەجێکردنی سزاکەی، داواکاری گشتی وەڵامی نەداوەتەوە، گوتیشی:هەڵبژاردنی رزگارنەکردنی ژیانی مرۆڤێک لە کاتێکدا توانای ڕزگارکردنی هەیە، بڕیارێکی سیاسییە.

هەروەها دۆخی سەختی ئەڤین زاپسو (تووشبووی شێرپەنجەی قۆناغی چوارەم لە زیندانی بونیانی قەیسەری) و نەورۆز بۆزکورت (تووشبووی شێرپەنجەی درێژخایەنی خوێن لە زیندانی سینجان) بە نموونە هێنایەوە و جەختی کردەوە کە دەوڵەت ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لە ژیانی زیندانیان و پێویستە مافی ژیان و تەندروستییان مسۆگەر بکرێت و داواکارییەکانی ئازادکردنیان دوانەخرێن.