کاریگەرییەکانی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لەسەر رۆژنامەنووسانی ناوچەکە
ئۆکرانیا.. لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا، 6 رۆژنامەنووسی بیانی کوژراون
K24 - هەولێر:
لەو رۆژەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکردووە تا ئێستا، 6 رۆژنامەنووسی بیانی کە لەو وڵاتە کاریان کردووە لە ئەنجامی هێرشی رووسیا گیانیان لەدەستداوە.
کەمپینی راگەیاندنی ئەمبلێم (PEC)، کە ناوەندەکەی لە جنێڤە و لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و مافی یاسایی رۆژنامەنووسان لە جیهاندا کار دەکات، لە ماڵپەڕەکەیدا راپۆرتێکی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لەسەر رۆژنامەنووسانی ناوچەکە، بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دامەزراوە میدیاییە ئۆکراینییەکان لەو ناوچانەی شەڕ و پێکدادان چڕبووەتەوە، نووسینگەکانیان داخستووە و زۆرێک لە میدیاکاران دەستیانکردووە بە کڕینی جلوبەرگ و پێداویستی پاراستنی ئاسایش یان جانتای پێداویستی چارەسەری سەرەتایی.
لە کاتێکدا لە ئۆکرانیادا نزیکەی سێ هەزار رۆژنامەنووسی بیانی کار دەکەن، تا ئێستا 6 کەسیان لە هێرشەکانی رووسیادا گیانیان لەدەستداوە.
لە هەمان ئەو هێرشانەدا 8 رۆژنامەنووسی بیانی برینداربوون، دوو رۆژنامەنووس لەلایەن یەکەکانی رووسیاوە رفێندراون.
لە راپۆرتەکەدا زانیاری سەبارەت بە زیانی رۆژنامەنووسانی ئۆکرانی بڵاونەکراوەتەوە.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە هاککەرانی رووسی لە رۆژانی 2، 3 و 17ی ئادار، هێرشی ئەلیکترۆنیان کردووەتە سەر ماڵپەڕەکانی سەربە میدیای ئۆکرانیا.
ئاماژە بەوەش دەکرێت کە، مووشەکەکانی رووسیا چەند جارێک لە 6 ناوچەی جیای ئۆکرانیا تاوەری تەلەڤیزیۆنەکانی ئۆکرانیایان کردووەتە ئامانج.
لە راپۆرتەکەدا لێدوانی نوێنەری PEC لە ئۆکرانیا، ئاندری لانیتس خراوەتەڕوو، باس لەوە دەکات کە، ئەو رۆژنامەنووسانەی لە ناوچەکەدا کار دەکەن کێشەی ئەمنییان هەیە و گوتی: ''رۆژنامەنووسان لە ئۆکرانیا پێویستیان بە زرێپۆش، کڵاوی خۆپارێزی، بێ تەل و پێداویستی هاوکاری سەرەتایی هەیە''.
لانیتس باسی لەوەشکرد کە ئەو دوو رۆژنامەنووسەی رفێندراون لە باشووری ئۆکرانیا و لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیادان کاریان کردووە.
سەرچاوە: AA
H.H