سەرۆک بارزانی بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

"هیوادارم ئەو جەژنە مایەی خێر و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەموو لایەک بێت"

سەرۆک مەسعود بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ یەک شەممە، 20ـی ئاداری 2022، سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز  و سەری ساڵی 2722ـی کوردی گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە و هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەم و هیوای خۆشی و کامەرانیان بۆ دەخوازم.

هیوادارم ئەو جەژنە مایەی خێر و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەموو لایەک بێت، ئاشتی و برایەتی باڵ بەسەر وڵاتەکەمان و ناوچەکەدا بکێشێت.

مسعود بارزانی

29ی ڕەشەممەی 2721ی کوردی

20ی ئاداری 2022ی زایینی