نێرده‌رێكی نێوده‌وڵه‌تی پوتن، رووسیای به‌جێهێشت
"تێگه‌یشتن له ترسی ستراتیژی باشتره له‌وه‌ی من كارێك بكه‌م و هه‌ڵه‌بم"
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
وه‌ستان به‌رامبه‌ر ره‌فتاره‌كانی ڤلادیمێر پوتن - سه‌رۆكی رووسیا ئه‌سته‌مه، به‌ڵام ده‌نگی ناڕه‌زایی رۆژ له‌دوای رۆژ له‌نێو به‌رپرسانی مۆسكۆ زیادده‌كات، له دواهه‌مین رووداویشدا رۆژی 23ی ئادار (مارسی 2022) نێرده‌رێكی نیوده‌وڵه‌تی تایبه‌تی كرملین ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه و رووسیای به‌جێهێشت.
رۆیته‌رز له راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووه كه رۆژی 23ی ئادار (مارسی 2022)، ئاناتۆلی چوبایس نێرده‌ری تایبه‌تی رووسیا بۆ كاروباری ژینگه، رووسیای به‌جێهێشت و ده‌ستی له‌كاره‌كه‌ی كێشایه‌وه، به‌رپرسێكی ئه‌وروپی به رۆیته‌رز-ی وتووه، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی چوبایس كارێكی هه‌ژێنه‌ره بۆ ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا..
سی ئێن ئێن په‌یوه‌ندی به چوبایس-ه‌وه كرده‌وه تا هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی باسبكات، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بووه هیچ لێدوانێك بدات، هه‌رچی سایتی بلۆمبێرگ-ه له راپۆرتێكدا نووسیویه‌تی: "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئاناتۆلی چوبایس نێرده‌ری تایبه‌تی پۆتن بۆ كاروباری ژینگه له پۆسته‌كه‌ی و جێهێشتنی رووسیا، ئاماژه‌یه بۆ ده‌نگی ناڕه‌زایی له نێو به‌رپرسانی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر پوتن به‌هۆی داگیركردنی ئۆكرانیاوه، به‌پێی دوو سه‌رچاوه‌ی نزیك له چوبایس، ئه‌و ده‌بێته یه‌كه‌م به‌رپرسی باڵا كه به‌هۆی داگیركردنی ئۆكرانیاوه ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رزكاته‌وه و وڵات جێهێڵێت".
چوبایس (66 ساڵ) یه‌كێكه له ریفۆرمخوازه‌كانی ئابووری رووسیا و به ئه‌ندازیاری ریفۆرمی ئابووری سه‌رده‌می بۆریس یه‌ڵتسن داده‌نرێت، له هه‌گبه‌كه‌یدا له‌نه‌وه‌ده‌كانه‌وه كاری گه‌وره‌ی كردووه و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌تینی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپییه‌كان دروستكردووه له قازانجی ئابووری رووسیا، له‌دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی دیمتری پیسكۆڤ سكرتێری رۆژنامه‌وانی پوتن وتی: "به‌ڵێ.. چوبایس ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی راگه‌یاندووه و گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كردووه"، بی بی سی له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی رووسییه‌وه نووسیویه‌تی كه چوبایس و خێزانه‌كه‌ی چوونه‌ته توركیا و ناگه‌ڕێنه‌وه.
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی سی ئێن ئێن، چوبایس به ئه‌ندازیاری پرایڤیده‌یشن-ی رووسیا داده‌نرێت له نه‌وه‌ده‌كاندا، پرایڤیده‌یشن - خه‌سخه‌سه- بریتییه له گواستنه‌وه‌ی كۆمپانیا و شوێنی موڵكی گشتی بۆ ژێر ده‌ستی كه‌رتی تایبه‌ت، واته گواستنه‌وه‌ی كۆمپانیا و موڵكی حكومی له‌كه‌رتی گشتییه‌وه بۆ كه‌رتی تایبه‌ت.
له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه، ئاژانسی هه‌واڵی رووسیا (تاس) نه‌یتوانی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی چوبایس بشارێته‌وه، بۆیه له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك نه‌یویست ناوی بهێنرێت، هه‌واڵی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی چوبایس و جێهێشتنی له رووسیای بڵاوكرده‌وه.
چوبایس له‌سه‌رده‌می بۆریس یه‌ڵتسن-ی سه‌رۆكی پێشووی رووسیا به‌رپرسی ئه‌ركانی سووپا بووه و ماوه‌یه‌كیش وه‌زیری دارایی، له‌سه‌رده‌می ڤلادیمێر پوتن-یشدا هه‌ر له‌به‌رپرسیارێتی كۆمپانیا حكومییه‌كانه‌وه تا ساڵی 2020ه‌وه بووه به نوێنه‌ری پوتن بۆ كاروباری ژینگه، به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك لێی، رۆژی 22ی ئادار، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌ش به هاوڕێكانی كردووه.
هه‌روه‌ها هه‌فته‌ی پێشوو له رێگه‌ی فه‌یسبووكه‌كه‌یه‌وه ئاماژه‌ی به تاریك و نادیاریی و ترسناكی داوه له یادی كۆچی دوایی ئیگۆر گایدار هاوڕێی ریفورمخوازی-دا نووسیویه‌تی: "تێگه‌یشتن له ترسی ستراتیژی باشتره له‌وه‌ی من كارێك بكه‌م و هه‌ڵه‌بم".