رێبەر ئەحمەد: سەرۆکایەتی کۆمار پێویستی بە هێزێکی حەکیمانە هەیە

"پێویستە عێراق پێگەی بەهێزی بەدەست بهێنێتەوە"

رێبەر ئەحمەد کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق
رێبەر ئەحمەد کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق

K24 - هەولێر

رێبەر ئەحمەد، کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئامانجی تێپەڕاندنی بەربەستەکان و بەدیهێنانی دەرئەنجامی گونجاو، لە بەرژەوەندی هەموو لایەک، دووپاتیشی دەکاتەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار پێویستی بە هێزێکی حەکیم هەیە.

لە وتارێکی دا لە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی لەندەنی بڵاوبووەتەوە، رێبەر ئەحمەد کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی زۆرینە، نووسیوییەتی "بەپێی ئەزموونی ساڵانی رابردوو لە هەماهەنگی و پەیوەندییەکی باشی نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجامی باش بەدیهاتوون، وەک لەناوبردنی داعش و داڵدەدانی ئاوارەکان و گەشانەوەی پڕۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان".

رێبەر ئەحمەد، باس لەوەش دەکات "کێشە و ململانێکان کاریگەریان لەسەر عێراق دەبێت و پێویستە عێراق پێگەی بەهێزی بەدەست بهێنێتەوە بۆ چەسپاندنی ئاشتەوایی و چارەسەری و هەلی پێشکەوتنی زیاتر".

لەبارەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمارەوە رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەکردووە "سەرۆکایەتی کۆمار پێویستی بە هێزێکی حەکیمانە هەیە و پێویستە کۆت و بەندەکانی سەر پۆستەکە هەڵبگیرێن".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "پێشکەوتنی سیاسەت بە بە جەمسەربەند گرتنی مرۆڤ پەیوەستە، دەبێ مرۆڤ ببێتە بنەمای کاری هەموو سەرکردەکان".

راشیدەگەێنێت "رێڕەوی چاکسازی نیشتمانی کەوتووەتە ڕێ و ئێستا کاتی هەستانەوەیە".