گەورەترین کۆنسێرتی گۆرانیی كوردی لە سویسرا بهڕێوهدهچێت
به بهشداری 6 هونهرمهند، 5 هەزار ئاڵای کوردستان دابەشدەکرێن.. وێنەی سەرجەم شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش نمایش دەکرێن.. داهاتهكهی بۆ نهخۆشخانهی هیوایه
K24- ههولێر:
بەبۆنەی سەری ساڵی کوردی و جەژنی نەورۆز، بڕیاره لە 26 ئهم مانگه لە شاری بێرنی سویسرا، گەورەترین کۆنسێرتی گۆرانی بە بەشداری هونەرمەندانی كورد، نازدار، رۆمی ههركی، هەڤاڵ ئیبراهیم، هانی، عەزیز وەیسی و شەریف عومەری بەڕێوەبچێت.
لە کۆنسێرتەکەدا 5 هەزار ئاڵای کوردستان بەسەر ئامادەبوواندا دابەشدەکرێن و هەروەها لە چالاکییەکی دیکە، وێنەی سەرجەم شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش نمایش دەکرێن .
محەمەد خورشید، خاوەنی نەورۆز پرۆداکشن و رێکخەری کۆنسێرتەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، لە 26 ئادار گەورەترین کۆنسێرتی گۆرانی بە ئامادەبوونی 6 هونەرمەند لە شاری بێرنی سویسرا ئەنجام دەرێت، ئەو ئاهەنگەش دەبێتە گەورەترین لەسەر ئاستی سویسرا، کە بەم شێوەیە کاری لەسەر کرابێت.
رێکخەری ئاهەنگەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەم کۆنسێرتە لەوانی دیکەی ئەوروپا جیادەکاتەوە، دەرخستنی هەستی نەتەوایەتی و هاوسۆزی بۆ گیانی پاکی پێشمەرگە شەهیدەکانمانە، بۆیە زیاتر لە 5 هەزار ئاڵای کوردستان لەو رۆژەدا پێشکەشی میوانان و ئامادەبووان دەکرێن، هەروەها بڕیارمانداوە، داهاتی ئاهەنگەکە بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەرخان بکرێت.
H.B