گوتەبێژی گۆڕان: بڕیاری دادگا بۆ دەستگیركردنی نەوشیروان مستەفا رەتدەكەینەوە

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان شاری سلێمانی، لەبارەی بڕیاری دادگا بۆ دەستگیركردنی نەوشیروان مستەفا، رایگەیاند: "بڕیاری دادگا بۆ دەستگیركردنی نەوشیروان مستەفا رەتدەكەینەوە، دەستەڵاتی دادوەری لە كوردستان سەربەخۆ نییە و بڕیارەكەی دادگا سیاسییە".

شۆڕش حاجی گوتیشی: "تۆمارە دەنگییەكان قوڕسایی یاساییان نییە و دروستكراون، داواكەی دادگا ھیچ بنەمایەكی یاسایی نییە".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا گوتەبێژی گۆڕان ئاماژەی بەوەدا: "تانە لە بڕیارەكەی دادگای ھەولێر دەدەین، پارتی دەیەوێت بە خەڵك بڵێت دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە".

شۆڕش حاجی باسی لەوەشكرد: "رێككەوتنی نێوان یەكێتی  و گۆڕان بۆ باشتركردنی گوزەرانی خەڵكە، ھەر لایەنێك بە پێی ئەندازە و رابردووی لەم دۆخە بەرپرسیارە".

سەبارەت بە ئەگەر دروستبوونەوەی دوو ئیدارەی لە ھەرێمی كوردستان گوتەبێژی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو: "گۆڕان دژی دوو ئیدارەییە".

ئەمڕۆ دادگای ھەولێر بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌رده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ له‌به‌رده‌م دادگادا ئاماده‌ بێت.

ماوەیەك لەمەوبەر چه‌ند ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندنی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان تۆماری ده‌نگی نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان بڵاوكردبووه‌وه‌، له‌و تۆماره‌ ده‌نگیانه‌دا ناوبراو هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی كونسوڵی وڵاتان و ئه‌ندازیاره‌ بیانییه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردبوو.