توێژینهوهیهكی كوردستان24: جهنگی رووسیا - ئۆكرانیا درێژخایهن دهبێت
پێویسته ههرێمی كوردستان بێلایهن بمێنێتهوه
K24 – ههولێر:
سەنتەری توێژینەوە و راپرسی کوردستان24 لەسەر جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا توێژینەوەیەکی زانستیی ئەنجامداوە، كە لە چەندین رەهەندی جیۆسیاسی و ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، شرۆڤەی لێکەوتەکانی جەنگەکە لەسەر جیهان بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی كردووه. لە توێژینەوەكەدا ئەگەرەکانی جەنگەكە بە وردی و لە سۆنگەیەکی زانستییەوە باس کراون.
شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا کۆمەڵێک پێشهاتی مێژوویی لەگەڵ خۆیدا هێناوە کە بەدەر لە هەڵوێستی سیاسی کورتمەودا، لێکەوتەی درێژخایەنی بۆ ئایندەی وڵاتان و سیستەمی جیهانی دەبێ.
لە توێژینەوەی كوردستان 24دا سەبارەت بە شەڕەكە، زیاتر لە 38 سەرچاوەی باوەڕپێکراوی زانستی بەکارهاتووە، كە ئامانجی توێژینەوەکە بریتییە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەو جەنگە و ھەروەھا چەندین پێشنیاز بۆ بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستان خراونەتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان و دەرفەتەکان..
لە بەشێکی توێژینەوەکەدا، گرنگترین ئەو فشارانەی ئەوروپاییەکان و ئەمەریکاییەکان بەسەر رووسیادا سەپاندوویانە باسکراون، لەوانە:
- سەپاندنی ئابلۆقەی ئابووری بەسەر رووسیادا.
- دەرچوونی بڕاندە گەورە جیهانییەکان لە ڕووسیا.
- بلۆککردنی پارەی رووسیا لە بانکە جیهانییەکاندا.
-قەدەغەکردنی ئاڵوگۆڕی پارە بە سیستەمی سویفت (SWIFT) لە بانکەکانی رووسیادا.
- رێگەگرتن لە فڕۆکەکانی رووسیا بۆ گەشت و نیشتنەوەیان لە وڵاتانی ئەوروپا و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهاندا.
- رێگەنەدان بە کەشتییەکانی رووسیا کە لە سنووری وڵاتانی ناتۆ تێپەڕ ببن.
ئەم توێژینەوەیە پێیوایە، کە جەنگەکە درێژخایەن دەبێت. هەروەها پێیان وایە کە ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن، رووسیا، سەرەڕای ئەوەی هێزێکی سەربازی گەورەی جیهانییە، بەڵام لەكۆتاییدا بەھۆی ئەوەی كە پێگەیەکی ئابووری بەهێزی لەبەرامبەر وڵاتانی هاوپەیمان و ئەوروپا ئەمەریکادا نییە و لە رووی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیەوە زۆر زۆر لاوزە و قەتیسکراوە، دۆڕاوی جەنگەکە دەبێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، توێژینەوەکە بە باشی دەزانێت کە هەرێمی کوردستان بێلایەن بمێنێتەوە. لە هەمان کاتدا، پێشنیازی ئەوە دەکات کە بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوە و کۆنتێکست و سێگۆشەی (عێراق- ئێران - تورکیا)وە لێکدبدرێنەوە. لەم چوارچێوەیەشدا توێژینەوەکە چەند پێشنیازێك بۆ حکومەت دەخاتەڕوو، لەوانە:
- لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی وزە و سامانی سروشتی و دروستکردنی ستراتیژییەکی دووربینانە بۆ خزمەتکردنی دۆزی هەرێمی کوردستان.
- دانانی ئاسایشی خۆراک.
- بناغەی هێزی سەربازی لەسەر بنەمایەکی دیرۆکی و بە بەرگێکی مۆدێرن دروست بکرێتەوە.
- بونیادی ئابوورییەکی بەهێز دابڕێژین.
- پێویستە هەوڵی دیپلۆماسی لەسەر ئەوە دابڕێژرێت، کە ھەولێر ببێتە سەرچاوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی جیهان.
- دۆخی ناوخۆ رێکبخرێتەوە و هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن یەک گوتاری نیشتیمانی.